وەزارەتی ناوخۆ سزای یاسایی ئەو كەسانە ڕوون دەكاتەوە كە منداڵان بۆ سواڵكردن و ڕەفتاری لادان ناچاردەكەن

ئەمنی
  • 14-06-2023, 19:51
  • +A -A

    بەغداد - INA - ئەمنە سەلامی
    وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ چوارشەممە، ناچاركردنی منداڵان بۆ سواڵكردن و ڕەفتاری لادان وەك جۆرێك لە توندوتیژی خێزانی پۆلێن كرد، و هاوكات سزای یاسایی ئەو كەسانەی رونكردەوە كە منداڵان ناچار دەكەن بۆ ئەو كارانە.
    بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی خێزان و منداڵ لە توندوتیژی خێزانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ كاروباری پۆلیس لیوا عەدنان حەمود سەلمان، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: سواڵكردنی منداڵان جۆرێكە لە توندوتیژی خێزانی و كاتێك هەندێك لە دایك و باوك یان سەرپەرشتیاران منداڵەكانیان ناچار دەكەن سواڵ بكەن، ئەمەش دایك و باوك دەخاتە ژێر سزای مادەی ٣٠ی یاسای نەوجەوانان ژمارە ٧٦ی ساڵی ١٩٨٣ و هەموارەكانی، بەو پێیەی سزای زیندانیكردنە بۆ ماوەی ساڵێك زیاتر نەبێت بۆ هەر سەرپەرشتیارێك كە هانی نەوجەوان یان بچووكتر دەدات لەسەر سەرگەردانی و ڕەفتاری لادان.
    ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: یاساكە سزای هەر كەسێك دەدات كە هەوڵی ئیستغلالكردنی منداڵان بدات لە لەشفرۆشی و سواڵكردن و بازرگانیكردن بە ئەندامەكانی جەستەدا، لە مادەی شەشەمی یاسای بازرگانیكردن بە مرۆڤدا هاتووە، هەركەسێك كەسێكی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ بە مەبەستی لەشفرۆشی و بازرگانی ئەندامەكانی جەستە و سواڵكردن ئیستغلال بكات، بە زیندانی هەتاهەتایی و غەرامەكردنی ١٥ بۆ ٢٥ ملیۆن سزا دەدرێت.
    ئاشكراشیكرد: یاسای نەوجەوانان ڕێگەی بەو كەسانە داوە كە تەمەنیان لە سەرووی ١٥ ساڵەوەیە، وەك گرێبەست لە كارەكانی ژێر چاودێری دەوڵەتدا كاربكەن، بەتایبەتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی.
    سەبارەت بە چارەسەرە پێشنیار كراوەكان، ڕوونیكردەوە: چارەسەرەكان خەرجكردنی پاداشتی دارایی لەخۆدەگرێت بۆ دایك و باوكان بۆ ئەوەی هانیان بدەن بۆ گەڕانەوەی منداڵەكانیان بۆ قوتابخانە بۆ ئەوەی خزمەت بە وڵات و كۆمەڵگا بكەن و ئایندەیەكی خۆشگوزەرانیان بۆ بەدەستبهێنن.