سەرۆك وەزیران: عێراق پەرۆشە بۆ بوونی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە خاكەكەیدا

سیاسی
  • 14-06-2023, 18:09
  • +A -A

    بەغداد  - INA
    سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، تەئكیدیكردەوە: كە عێراق پەرۆشە بۆ بوونی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە خاكەكەیدا.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە لەبەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، پێشوازی لە شاندێكی ئەنجومەنی كاری عێراقی-ئەمریكی كرد، بە سەرۆكایەتی ستیڤ لوتز سەرۆكی ئەنجومەنەكە، جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی ئەمریكی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
     لە میانی دیدارەكەدا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وتی: عێراق شایستەی ئەوەیە ببێتە ژینگەیەكی سەرنجڕاكێش بۆ كەرتی تایبەت و كۆمپانیا بیانییەكان، و جەختیشی كردەوە كە حكومەت زنجیرەیەك بڕیاری داوە بۆ ئاسانكردنی ڕێكارەكان بۆ وەبەرهێنەران و كاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشە هەنووكەییەكان لەم بوارەدا. 
    هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە سودانی لە میانەی وتەكەیدا رایگەیاند: عێراق سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و كۆمەڵایەتی هەیە، ئەمڕۆش لە هەموو كاتێك زیاتر شیاوی ئەوەیە كە ببێتە ژینگەیەكی سەرنجڕاكێش بۆ وەبەرهێنان و كۆمپانیا بیانییەكان، وتیشی: عێراق دەرفەتی ڕاستەقینەی سەركەوتنی هەیە، و هیچ بەدیلێك نییە بۆ پێكەوەژیانی ئاشتیانە و پشتیوانی لە دەوڵەت و دامەزراوەكانی.
    ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئەزمونی عێراق لەناوچەكە تاكە لەسەر ئاستی نوێنەرایەتی هەڵبژاردنی ناوخۆیی و پەرلەمانی و لەناوچەكەدا بوونی نییە و ئەمەش نیشانەی زیندوویی سیستەمی دیموكراسیە، وتیشی: حكومەت هەڵگری قەبارەی ئەو میراتە قورسەیە كە لە شەڕی هەشتاكانەوە دەستی پێكردووە و كاریگەری نەرێنی لە زۆربەی سێكتەرەكاندا دروستكردووە، بۆیە لە بەرنامەكەیدا پێنج ئەولەویەتی داناوە كە كار بۆ بەدەستهێنانی دەكات، نابێت عێراق تەنها بە پشتبەستن بە نەوت بمێنێتەوە، بەو پێیەی ئەمڕۆ جیهان بەرەو بەدیلەكانی نەوت دەڕوات كە لە دوای ساڵی ٢٠٢٨ ئامادە دەبێت، هەروەها وڵاتانی جیهان بە ملیارەها دۆلار بۆ بەدیلەكانی نەوت خەرج دەكەن بەتایبەتی دوای شەڕی ئۆكرانیا و پێویستە وڵاتانی وابەستە بە نەوت خۆیان بۆ بەدیلەكان ئامادە بكەن.
    ئاشكراشیكرد: عێراق خاوەنی سامانی سروشتییە كە وەبەرهێنانی تێدا نەكراوە، هەروەها بە هۆی هەڵكەوتە ستراتیجییەكەیەوە شایستەی وڵاتێكی كشتوكاڵی و پیشەسازییە، وتیشی: كەرتی تایبەت هاوبەشی ڕاستەقینەی ئێمەیە بۆ گەیشتن بە دیدگاكەمان و كەمكردنەوەی كات و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكان.
    سەرۆك وەزیران جەختیكردەوە: دەستمان كرد بە وەبەرهێنان لە كەرتی غازی سووتاو كە ساڵانە ٤ ملیار دۆلارمان تێدەچێت، وتیشی: ڕێككەوتنی تۆتاڵ یەكێكە لە گرنگترین ڕێككەوتنەكانی وەبەرهێنانی غاز و پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان، كە نیوەی پێداویستییەكانی غازمان دابین دەكات، هەروەها گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیەكانی چینی و ئیماراتی هەیە، و نیوەی ئەو غازەی هاوردە دەكەین بۆمان دابین دەكەن و ئامادەكاری دەكەین بۆ ڕاگەیاندنی خولی شەشەمی كێڵگە غازییەكان، كە بۆ یەكەمجار لە عێراق ڕوودەدات، لە ڕووی وەبەرهێنانی غازی سروشتی.
    رونیشیكردەوە: وەبەرهێنان لەم پرۆژانەدا دەبێتە هۆی گەڕانەوەی دارایی گرنگ، هەروەها خۆمان لە كاریگەرییەكانی كەشوهەوا بەدوور دەگرین كە لە ئەنجامی سووتانی غازەوە دروست دەبێت.
    سودانی تەئكیدیكردەوە: عێراق پەرۆشە بۆ بوونی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە عێراق، و وتیشی: ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابوری نوێنەری كەرتی تایبەت لەخۆدەگرێت كە لەگەڵ حكومەت بەشدارن لە داڕشتنی بڕیار و ڕێكارەكان كە كارئاسانی بۆ وەبەرهێنەران لە عێراق دەكات.