هێڵی ئاسمانی گەشتەكانی نێوان عێراق و جۆرجیا دەستپێدەكاتەوە

ناوخۆ
  • 8-06-2023, 19:02
  • +A -A

    بەغداد - INA
    هێڵی ئاسمانی عێراقی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستپێكردنەوەی گەشتە ڕاستەوخۆكانی نێوان عێراق و جۆرجیای ڕاگەیاند.
    كۆمپانیاكە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: گەشتە ڕاستەوخۆكانی هێڵی ئاسمانی نیشتمانی لە نێوان عێراق و جۆرجیا دوای پچڕانێك كە نزیكەی نۆ ساڵی خایاند، دەستیپێكردەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكەم گەشتی ئاسمانی لە ڕێگای بەغداد-هەولێر-تەبلیسی دەستیپێكرد.
    بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیاكە، مەناف عەبدولمونعەم لە میانی سەرپەرشتیكردنی مەیدانییدا بۆ جێبەجێكردنی گەشتی یەكەم، تەئكیدیكردەوە: ئەم هەنگاوە دەچێتە چوارچێوەی ڕێنماییەكانی وەزیری گواستنەوە ڕەزاق محیبس سەعداوی، بۆ زیادكردنی ژمارەی شوێنی مەبەستی هێڵی گواستنەوەی نیشتمانی، هاوتەریب لەگەڵ ڕێنماییەكانی حكومەت بۆ كردنەوەی بەڕووی وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان.
    ئاماژەی بەوەشكرد: رێژەی گەشتەكان گەشتێكی هەفتانە دەبێت (رۆژانی پێنجشەممە) وەك قۆناغی یەكەم، بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا زیاد بكرێت، رونیشیكردەوە: خزمەتگوزاری پێدانی ڤیزەی چوون بۆ جۆرجیا لە سەرجەم فەرمانگەكانی هێڵی ئاسمانی عێراقدا بەردەستە بە مەرجێك بەڵگەنامە پێویستەكان لە ماوەی 7 بۆ 10 ڕۆژ پێش بەرواری گەشتەكە پێشكەش بكرێن.