پەرلەمانتاران و هاووڵاتیان: سبەینێ‌ پەسەندكردنی بودجە داوایەكی نیشتمانی و جەماوەرییە و ناتوانرێت بگەڕێنرێتەوە

سیاسی
  • 7-06-2023, 21:19
  • +A -A

    بەغداد - INA
    سبەینێ‌ پێنجشەممە چاوی گەلی عێراق ڕوو لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەكات، كە دانیشتنی دەنگدان لەسەر بودجەی گشتی بەڕێوەدەچێت، كە چەند مانگێكە پەسەندكردنی دواكەوتووە.
    دوای چەندینجار دواخستن لە ئەنجامی ناكۆكی سیاسی، سەركردەی كوتلەكان و پەرلەمانتاران تەئكید دەكەنەوە: كە ئامادەبوون لە دانیشتنی سبەینێ و پەسەندكردنی بودجە بۆتە ئەركێكی ڕەوا و نیشتمانی.
    هاوكات هاوڵاتیان تێپەڕاندنی بودجە سبەینێ بە داواكارییەكی نەگەڕاوەیان وەسفی دەكەن بەهۆی پەكخستنی بەرژەوەندییەكانیان و ئەو زیانە ئابورییانەی بەهۆی دواكەوتنەوە بۆ سەرجەم هاوڵاتیان بەجێماوە.
    سەرۆكی كوتلەكان: ئامادەبوون لە دانیشتنی سبەی ئەركێكی نیشتمانییە
    سەرۆكی كوتلەی بابلیۆن پەرلەمانتار دورەید جەمیل، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: كوتلەكەیان لەگەڵ پەرلەمانتارانی چەندین كوتلە زیاتر لە یەك بۆنەدا داوایان لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران كرد كە پەلە بكات لە دیاریكردنی وادەیەك بۆ دانیشتنی دەنگدان لەسەر بودجە و پەسەندكردنی پێش هەینی داهاتوو نۆی حوزەیران، چونكە وادەی كۆتایی هاتنی خولی یاسادانانە، و بۆ ڕێگریكردن لە دواخستنی تا دوای پشووی یەك مانگەی یاسادانان، واتە دوای ٩ی تەمموز.
    هەروەها سەرۆكی هاوپەیمانی سەروەری، پەرلەمنتار شەعلان كەریم، بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی تەئكیدیكردەوە: كە پەسەندكردنی بودجە لەمێژە چاوەڕوانی خەڵك بووە، هەروەها پێویستە ئەو حاڵەتە تێپەرێنرێت كە ڕێگری لە پەسەندكردنی بودجەكە كردووە و سبەینێ‌ ئامادەبوونی پەرلەمانتاران بۆ دەنگدان بەرژەوەندییەكانی عێراق و گەلەكەی بە تەواوی بەدەست دەهێنێت.
    ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو بودجەی سێ ساڵەی كە لەلایەن حكومەتەوە خراوەتەڕوو زۆر گرنگە، هەروەها پلانی فراوان لەخۆدەگرێت بۆ باشتركردنی خزمەتگوزاری و بارودۆخی ژیان بۆ سەرجەم گروپەكانی گەلی عێراق بەبێ جیاوازی، داواش لە برایانی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكەین كە ئامادەی دانیشتنی سبەینێ بن و دەنگ بە قازانجی یاسای بودجە بدەن، كە ئەركێكی نیشتمانییە بۆ هەر ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران كە هەڵگری خەمی دەنگدەرانی خۆی و خەڵكی پارێزگاكانی خۆیەتی و هیوادارین سبەی بە تەواوی بڕگەكانی تێپەڕێنین.
    سروە عەبدولواحێد سەرۆكی كوتلەی نەوەی نوێ لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی جەختیكردەوە: ئامادەبوون لە دانیشتنی سبەینێ بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقی و نیشتمانیە.
    ئاماژەی بەوەشكرد: بودجە پەیوەندی بە ژیان و بەرژەوەندی هاوڵاتیانەوە هەیە، ئامادەبوون لە دانیشتنی سبەینێ بۆ دەنگدان لەسەر بودجە بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقی و نیشتمانییە، هەروەها دەبێت بەرژەوەندی گەل لە سەرووی هەموو شتێكەوە بێت.
    هاوكات شێروان دووبەردانی پەرلەمانتار لە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی تەئكیدیكردەوە: بەدڵنیاییەوە ئامادەبوونی سبەینێ بۆ دەنگدان لەسەر بودجە یەكێكە لە ئەركە گرنگەكانی پەرلەمانتاران بەرامبەر بە گەلی عێراق.
    ئاماژەی بەوەشدا: دەنگدان لەسەر بودجە سبەینێ‌ دەبێتە هۆی سەقامگیری سیاسی و هەروەها حكومەت دەستكراوە دەبێت لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ تەواوی خەڵكی عێراق.
    لە بەرامبەردا، پەرلەمانتاری سەربەخۆ حسێن عەرەب، ئامادەبوونی پەرلەمانتاران بۆ دانیشتنی سبەی پەرلەمان بە ئەركێكی نیشتمانپەروەرانە زانی و لە چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: ئامادەبوونی پەرلەمانتاران لە دانیشتنی سبەینێ بۆ دەنگدان لەسەر بودجە ئەركێكی شەرعی و نیشتمانپەروەرانەیە ، هەریەكێك لەو نوێنەرانەی پێی وایە ماددە هەیە پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە دەتوانێت بە دەنگدان بەهەمان شێوە یان نا، بۆچوونی خۆی دەرببڕێت، بەڵام لەلایەكی ترەوە دەبێت بە ڕەزامەندی خۆی بەردەوام بێت چونكە پەیوەندی بە بەرژەوەندی خەڵكەوە هەیە.
    ئاماژەی بەوەشكرد: پەرلەمانتارانی سەربەخۆ ئامادەی دانیشتنی سبەینێ دەبن بۆ دەنگدان بە پەسەندكردنی بودجە.
    هەر لەو چوارچێوەیەدا پەرلەمانتاری كوتلەی سەنەد كازم توكی جەختی لەوەكردەوە: كە دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجە زیانێكی گەورەی بۆ گەلی عێراق هەیە.
    لە چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕوونیكردەوە: پێویستە بەرژەوەندی گەلی عێراق پێش هەموو بەرژەوەندییەكان بێت، چونكە بودجە خوێنی ژیانی ئابووری و بازاڕە، و بارودۆخی ئێستاش زیانی ئابووری هەیە چونكە بووەتە هۆی بچووكبوونەوەی بازاڕ و پەككەوتنی بازرگانی.
    ئاماژەی بەوەشكرد: ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران سوێندیان خوارد، لەكاتی سوێندخواردنی دەستوریدا، بۆ خزمەتی وڵات و پاراستنی بەرژەوەندی گەل، هەروەها بودجە بە بنەما دادەنرێت بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری خزمەتگوزارییەكان، تەندروستی، پەروەردە، كارەبا و كەرتە گرنگەكانی تر لە وڵاتدا.
    دووپاتیشی كردەوە: هەموو ئەندامێكی پەرلەمان نوێنەرایەتی پۆلێك لە خەڵك دەكات و دەبێت گرنگی بە بەرژەوەندییەكانی بدات، هیچ شتێكیش لە پەسەندكردنی بودجە گرنگتر نییە بۆ ئەوەی گرنگی بەو بەرژەوەندییانە بدرێت.
    هاوڵاتیان: پەسەندكردنی بودجە داواكارییەكە گەڕانەوەی نییە
    هاوڵاتی حسێن ڕیاز، خاوەنی فرۆشگایەكی فرۆشتنی كەرەستەی ساردكەرەوەیە لە بەغدا، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، جەختیكردەوە: كە بەرژەوەندی خەڵك لە عێراق پەكخراوە، بەو پێیەی جوڵەی بازاڕ ڕاگیراوە بەهۆی دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجە، هەروەها دامودەزگاكانی دەوڵەت كە خەرجی پێویست بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەكانیان ناكەن بەهۆی نەبوونی نەختینەیی و دواكەوتنی بودجەیە.
    هاوكات هاوڵاتی سەعد محەمەد دەڵێت: بڕیارێك دەرچووە بۆ گەڕانەوەی خۆی و هاوتەمەنەكانی بۆ خزمەت لە وەزارەتی ناوخۆ، و تا ئێستاش هەمووان چاوەڕێی گەڕانەوەن بۆ سەر ئەو كارە، و ئەم چاوەڕوانییەش زیانی دارایی لێداوە، ئەمەش فشارێكی زۆری لەسەر خۆی و خێزانەكەی دروستكرد و ناچاری كرد پارە قەرز بكات لە ئەنجامی ناچاربوونی نەچێتە ناو هیچ كارێكەوە بەهۆی پەیوەندیی بە گەڕانەوەی بۆ كارەكەی.