پۆلیسی سلێمانی: 35 كەس بە تۆمەتی شەڕە چەقۆ دەستگیر كران

ئەمنی
  • 7-06-2023, 14:24
  • +A -A

    سلێمانی –INA
    بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی ٣٥ كەسی بە تۆمەتی شەڕكردن لە یەكێك لە گەڕەكەكانی ئەو شارە راگەیاند.
    بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە رایگەیندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە تێیدا هاتووە،" دوای ئەوەی ڕۆژی ٢٠٢٣/٦/٥ لەگەڕەكی شارەوانی شاری سلێمانی شەڕوپێكدادان لەنێوان دوو گروپی دەرۆزەكەردا دروستبوو، بەو ھۆیەوە ژمارەیەك كەس لەھەردوولایەنی شەڕەكە برینداربوون، دەستبەجێ ھێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی و بنكەی پۆلیسی ڕزگاری گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكەو لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران دەستیپێكرد".
    ئاماژەی بەوەشكرد:" سەرەتا لە شوێنی رووداوەكە ژمارەیەك لە تۆمەتباران دەستگیركران و لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بەردەوامبوو بۆ دەستگیركردنی سەرجەم تۆمەتبارەكانی دیكە، سەرەنجام لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە و بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە، ٣٥ تۆمەتبار لە هەردوو لایەنی شەڕەكە دەستگیركران".
    ئەوشەی خستووەتەڕوو، ژمارەیەك لەشەڕكەرەكان برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە كران بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی، لە ئێستاشدا سەرجەم تۆمەتباران بەندن و لێكۆڵینەوە لەڕوداوەكە بەردەوامەو دەستیشگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلێكی جۆری تۆیۆتا لاندكرۆزەر كە بەتۆمەتباران بووە.