هەولێر/INA
قوباد تاڵەبانی: دڵخۆش نیم بەم دۆخە سیاسیەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕایگەیاندووە،قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە ئۆلیڤییە دیکۆتینێ کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا دوا پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و پرسی پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراق تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو، سەبارەت بە ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: دڵخۆش نیم بەم دۆخەی ئێستای هەرێم و پێویست بوو پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکان باشتر بوایە، بەتایبەت ئەمڕۆ لەهەموو کات زیاتر کورد پێویستیی بە یەکدەنگی و رێکخستنەوەی نێوماڵی خۆی هەیە، چوونکە تەحەداکانی بەردەم کوردستان ئێستا گەورەتر و زەقترن.
ئاماژەی بەوەشدا؛ هێشتا کات لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەوەی بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکان، لایەنەکان بگەن بە رێککەوتن و یەکدەنگی بەشێوازێک کە لەگەڵ ئەم قۆناغەدا بگونجێت.
سەبارەت بە پێگەی هەرێم لە بەغدا و پەیوەندییەکانی نیوان هەرێم و بەغداش، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا؛ ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێت رەنگدانەوەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، بۆیە پێویستە بەر لەهەر شتێک ناوماڵی خۆمان رێکبخەین، ئەوکات دەتوانین لە بەغدا بەهێزتر و یەکگرتووتر دەرکەوین و پێکەوە باشتر بەرگری لە ماف و شایستە دەستورییەکانمان بکەین. وتیشی: بۆ ئەوەی بتوانین بەم یەکدەنگییە بگەین، دەبێت هەموو لایەکمان پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانماندا بکەینەوە.
لەکۆتاییدا، قوباد تاڵەبانی سوپاسی کونسوڵی گشتی فەڕەنسای کرد کە پسپۆڕی تایبەت بە چاکسازیی ئابورییان تەرخان کردووە بۆ نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران تا هاوکار بێت لە جێبەجێکردنی پلانەکانی چاکسازی