بەغداد – ا ه ع سەعد حەدیسی وتەبێژی نوسینگەی سەرۆك وەزیران، ئەمرۆ پێنج شەممە، ئاشكرایكرد حكومەت رێوشوێنی نوێ بۆ گەڕانەوەی دەركراوان و ئەوانەی گرێبەستیان تەواو بووە داڕشتووە، داواش لە هەر دوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ كراوە جیا بەجیا لێكۆڵینەوە لەو حاڵەتانە بكەن كەلەبەردەستدان. حەدیسی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) ی راگەیاند:" ئەنجومەنی نوێنەران بریاری لەسەر ئەو پرسە داوە بەڵام لە بودجەدا دەرماڵە و موچەی دەركراوان و ئەوانەی گرێبەستەكانیان تەواوبووە لەبەرچاو نەگیراوە". وتەبێژی نوسینگەی سەرۆك وەزیران وتیشی "حكومەت پشتی بە رێوشوێنی نوێ بەستووە بۆ گەڕانەوەی دەركراوان و ئەوانەی گرێبەستەكانیان تەواوبووە، رونیشیكردەوە ئەو رێوشوێنە نوێیە بریتیە لەوەی وەزارەتەكان لێكۆڵینەوەی جیا بەجیا لە هۆكاری دەركردنی هەركەسێك یان ئەوانەی گرێبەستیان تەواوبووە بكەن، لەگەڵ خستنەڕووی هۆكاری دابڕانیان لە دەوامركرن".