بەغداد - INA
وەزیری گواستنەوە رەزاق محیبس سەعداوی ، ئەمڕۆ چوارشەممە، تەئكیدیكردەوە: كە حكومەت پێشوازی لە بەشداریكردنی چین لە ڕێگای گەشەپێدان دەكات.
وەزارەتی گواستنەوە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، رایگەیاند: سەعداوی ئەمڕۆ لە نوسینگەی خۆی پێشوازی لە تسوی وی باڵیۆزی چین لە عێراق كرد و لەگەڵیدا گفتوگۆی لەبارەی ڕێگاكانی هاریكاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی كرد.
بەگوێرەی بەیاننامەكە، سەعداوی ئاماژەی بەوەكردووە: حكومەتی عێراق هەوڵدەدات هاوكاری و هەماهەنگی هاوبەشی نێوان بەغدا و پەكین پەرەپێبدات، هاوكات كاردەكات بۆ زیادكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات.
راشیگەیاند: حكومەتەكەمان پێشوازی لە بەشداریكردنی چین دەكات لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، لە چوارچێوەی جێبەجێكردن و وەبەرهێناندا، هەروەها پڕۆژەكە خزمەت بە عێراق و باقی ناوچەكە دەكات بە چینیشەوە، هەروەها دڵنیای دەدات لە كەمكردنەوەی كات و هەوڵ و تێچوون.
دووپاتیشیكردەوە: حكومەتەكەمان پێشوازی لە بەشداریكردنی پەكین دەكات لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، هەروەها دەرگای كراوەیە بۆ هەموو وڵاتان بۆ بەشداریكردن لە پڕۆژەكە، لە پێشیانەوە چین، حكومەتی عێراق ئاواتەخوازە چین بەشدارییەكی كاریگەرانەی هەبێت لە كار و چالاكییەكان لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، لەسەر بنەمای متمانەی زۆر بە شارەزایی كۆمپانیا گەورەكانی چین بەتایبەتی لە بوارەكانی گواستنەوە و وەبەرهێنان و ژێرخانی ئابووری، و وتیشی: ئێمە بەنیازین كۆنفرانسی دووەم سەبارەت بە ڕێگای گەشەپێدان ئەنجام بدەین، و چین بانگهێشت دەكەین بۆ ئەوەی بەشداری تێدا بكات.
لە بەرامبەردا، باڵیۆزی كۆماری گەلی چین، خۆشحاڵی خۆی بە دیداری وەزیری گواستنەوە دەربڕی و جەختی لەوە كردەوە: پەیوەندییە باشەكان بەغدا و پەكین بەیەكەوە دەبەستنەوە، هەروەها چین ئاواتەخوازە هاوكاری و هەماهەنگی زیاتر لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەبێت لە هەموو ئاستەكان، هەروەها ستایشی كارەكانی وەزارەتی گواستنەوە و دەستكەوتەكان و بەڕێوەبردنی ژیرانەی حكومەتی سودانی كرد، و هاوكات ناوبراو هیوای سەركەوتنی بۆ عێراق خواست لە تەواوكردنی هەردوو پڕۆژەی بەندەری گەورەی فاو و پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، و ئارەزووی ڕوونی خۆی دەربڕی بۆ زانینی زۆربەی وردەكارییەكانی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان.