سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: پەرەپێدانی كشتوكاڵ بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پێشخستنی ئابووری

ناوخۆ
  • 30-05-2023, 18:25
  • +A -A

    هەولێر/ INA 
    ئەمڕۆ سێشەممە 5/30، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێورەسمی کردنەوەی کارگەی شیرەمەنیی زۆم لە گوندی ژاژۆک-ی سەر بە قەزای مێرگەسۆر بەڕێوەدەچوو.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مسرور بارزانی، رێورەسمی کردنەوەی کارگەکەی شیرەمەنی زۆم لە گوندی ژاژۆکی سەر بە قەزای مێرگەسۆر کردەوە و بەشەکانی بەسەرکردنەوە. کارگەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت کە بریتین کە کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان و هەروەها بنکەکانی کۆکردنەوەی بەروبوومی ئاژەڵداران و جووتیاران. ئێستادا 12 بنکە تەواو کراون و بەرهەم وەردەگرن، هەشت بنکەی نوێش لە قۆناغی جێبەجێکردن دان، لە ئایندەش بنکەی تر بە گوێرەی پێویستی کارگە زیاد دەکرێن.
    سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا دووپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و پشتیوانیکردنی جووتیاران و کارکردن لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی ئاوو خۆراک.

    ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتە :

     

     

    بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

    خوشك و برایانی هێژا

    ئامادەبووانی قەدر گران:

     گەلەك بەخێر بێن، سوپاس بۆ ئامادەبوونی ئێوە لێرە، من زۆر خۆشحاڵم كە ئەم پرۆژە مەزنە دەبینم كە گرنگە بۆ ئەم دەڤەرە و بەم شێوەیە هاتۆتە دروست كرد، دەستخۆشی لە جێبەجێكەرانی ئەم پڕۆژەیە دەكەم، كە بەڕاستی كارێكی زۆر جوانیان ئەنجام داوە.

    دیارە ئەو دەڤەرە پێویستە بە هەموو جۆرێك پێشەنگ بێت. حەز دەكەم بزانن ئەو جێیەی ئەم كارگەیەی لێ دانراوە، هەمان ئەو جێیەیە كە چەندین داستانی لە دژی داگیركەر و زۆرداران كە هەوڵیانداوە كوردستان داگیر بكەن، تێیدا تۆمار كراوە، بە سەدان شەهید لەم دەڤەرە گیانیان بەخت کردووە. ئێستا ئەم كارگەیەی لێرە دانراوە، بۆ ئەوەیە جارێكی دیكە هەم سوودێكی زیاتر لە سرووشتی ژیانی ئەم دەڤەرە وەربگرن، هەم خزمەتی خەڵكی ئەم دەڤەرە بكەن و ئابووریی ناوچەكە و دەڤەرەكە، تاك و گوندنشینانی ئەم دەڤەرە پێش بخەن و بە شێوەیەكی گشتیی ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەوپێش ببەن. جێی دەستخۆشییە و من جارێكی دیكە دەستخۆشی لە ئێوە دەكەم.

    پار لە ژمارەیەك سەردانی ئێمە بۆ چەندین وەزارەت ، سەردانی وەزارەتی كشتوكاڵیشمان كرد، لەوێ چەندین بەرنامەمان خستە نێو كارنامەی خۆمان لە حكومەت، بە سووپاسییەوە وەزارەتی كشتوكاڵ بەرنامەی خۆی جێبەجێ كرد، پاڵپشتییەكی زۆری حكومەتیان لەگەڵدا هەبوو، بەڵام ئەوانیش زۆر خۆیان ماندوو كرد. سوپاسی وەزیر و هەموو ستافی وەزارەتیش دەكەم كە پشتیوان بوون بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانە.

    بۆیە ئێمە داوامان كرد بۆ ئەوەی خەڵكی ئێمە لە گوندەكانەوە بەرەو شارەكان كۆچ نەکەن ،دەبێ هەوڵ بدەین پرۆژەكان بەرەو گوندەكان بگوازینەوە و ئەو پرۆژانەی پێویستن، لە گوندەكان دابمەزرێن تاوەكوو خەڵكی دەڤەری دوورەدەست و هەژارنشین و گوندنشین تێیدا سوودمەند بن، یەكێك لەو پرۆژانەی كە ئێمە ئەوكاتیش باسمان كرد، دانانی ئەم كارگەیەی شیرەمەندی بووە، لێرەش بینیمان زۆر بە ڕێك و پێكی و دوور و درێژی هاتە باسكردن كە بە چ شێوەیەك هاتە دانان و چەند خەڵك تێیدا سوودمەند بوون. جێی دەستخۆشییە كاتێك بینمان تاوەكوو 300 كەسیش دەبن پاش ئەوەی پرۆژەكە بە تەواوی كەوتە كار، دەبنە خاوەن كار لێرە، هەروەها زیاتر لە 2500 ماڵ لێرە دەژین، ئەو كەسانەی ئاژەڵیان هەیە و ئەو كەسەی شیری دەهێنێتە ئەم كارگەیە، دەبێتە رزقێك و سەرچاوەیەكی داهات بۆ ئەو بنەماڵانە.

    گرنگیدان بە كشتوكاڵ لە بەرنامەی كابینەی حكومەتدا پێموایە دیارە و ئێمە گرنگییەكی زۆرمان پێ داوە، چونكە بە باوەڕی ئێمە كشتوكاڵ ئەساس و بناغەیە بۆ بوارەكانی دیكەی پێشخستنی ئابووری وەكوو پیشەسازی و بازرگانی یان هەر بابەتێكی دیكەی ئابووری، باوەڕ بكەن ئەساس و بناغەكەی پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵییە.

    سرووشتی ئێمە سرووشتێكی زۆر گونجاوە بۆ ئەوەی ئێمە سوودی لێ ببینین، لێرە پێویستە ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە پێویستە زۆر گرنگی بە پاراستنی سرووشتی خۆمان بدەین، وێڕای ئەو پرۆژانەی كە ئێمە دروستیان دەكەین، بەڵام پاراستنی سرووشتەكەشمان زۆر گرنگە، لە هەمان كاتدا گرنگیدان بە پاراستنی ئاسایشی خواردن و ئاویش ئەركێكی سەرەكیی حكوومەت و هاووڵاتیانە.

    لە ساڵی رابردوودا بەداخەوە لەبەر كەمئاوی، لە زۆر جێگەدا بێئاوی بوو، ئەو ئاوەی هەیە پێویستە ئێمە بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگرین، ئێمە لەگەڵ زۆر پسپۆڕدا گفتوگۆمان كرد كە چۆن دەتوانین باشترین سوود لەو ئاوە وەربگرین تاوەكوو ئاو بە خەسار نەدرێت و ئاوی ژێرزەوی بەفیڕۆ نەدرێت. ئێمە بەردەوام بووین و لە گفتوگۆدابووین لەگەڵ پسپۆڕانی ناوخۆ و وڵاتانی دۆستی ئێمە زۆریان پێشنیارمان كرد هاریكار بن، تاوەكوو ئێمە بتوانین بە باشترین شێوە سوود لە سرووشتی خۆمان و ئاوی خۆمان وەربگرین. ئەوەی لە هەموان گرنگترە ئەوەیە كە ئێمە بۆ دابینكردنی خواردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان پشت بە خۆمان ببەستین و منەتمان بە كەس نەبێت و ناچار نەبین بكەوینە هیچ قەیرانێك ئەگەر خوانەخواستە دۆخەكە بەرەو خراپبوونیش بچێت.

    ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە حكومەت هەموو پشتیوانییەكی ئەم جۆرە پرۆژانە دەكات، بەڵام لە هەمانكاتدا پێویستە خاوەن پرۆژەكانیش هەوڵبدەن زیاتر بەرهەمی خۆماڵی بەكار بێنن، هەروەها ئەوەی دەیكەن بە درووستی بۆ هاووڵاتیانی ڕوون بكەنەوە. ئەگەر شیری سرووشتییە، ئەوەی كە پێی دەڵێن ئۆرگانیك، بنووسرێت و باس بکرێت، ئەگەر شیری تۆز هەیە و دەتانەوێ ئەو شیرە بدەنە ماركێت و بازاڕان، پێویستە بنووسن ئەمە شیری تۆزە تا هاووڵاتی بزانێت كامەی شیری ئۆرگانیك و دروستە و كامەی شیری تۆزە یان بۆ بابەتی تیجاری بەكار دەهێندرێت.

    لێرەدا هەندێك ئامار هەن كە دەمەوێ ئاماژەیان پێ بدەم، لە میانی كابینەی نۆیەم ئەو پرۆژانەی كە لێرەدا زیادبوون لەبارەی ئاژەڵانی شیردەر لە هەرێمی كوردستان، 75% ئەم جۆرە پرۆژانە لە هەرێمی كوردستان زیاد كراون، 87 پرۆژە ئێستا لە سەرانسەری كوردستان هەیە كە بۆ بەخێوكردنی ئاژەڵ و مانگای شیردەر هەن كە ژمارەیان دەگاتە 14 هەزار و 609 مانگا لە هەموو هەرێمی كوردستان. پرۆژەی زیادكردنی گۆلك 150% زیادی كردووە، 100 پرۆژەی جۆراوجۆر لە سەرانسەری كوردستان هەن كە ئەویش 78 هەزار و 216 گۆلك هەن.

    ئەمانە هەمووی نیشانەی ئەوەیە كە چەندە پەرەپێدان بە كەرتی كشتوكاڵی و كەرتی ئاژەڵی بەرەوپێش چووە. هەر جێگەیەكی كوردستان تایبەتمەندییەكی خۆی هەیە، هەر جێیەك دەتواندرێت بۆ بابەتێكی تایبەتیی كشتوكاڵی سوودی زیاتری لێ ببیندرێت. ئێستا هەورامان، گوێزی هەورامان هەیە، هەناری هەڵەبجە هەیە، گەنم و دانەوێڵە ناوچەی گەرمیان و شارەزوور هەیە، برنجی دەشتی نافكوڕ هەیە، هەنجیری ئاكرێ و بجیل هەیە، سێوی ناو بەرواری هەیە، هەنگوینی ناوچەی سیدەكان هەیە، هەر ناوچەیەك پێی دەكرێ پێی دەكرێ زیاتر گرنگی پێ بدرێ تاوەكوو ئەو بەرهەم و بەروبوومی ناوخۆیی ببنە داهاتێكی زیاتر بۆ خەڵكی ناوچەكە و بۆ پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان.

    لە سەردانەکانمان بۆ دەرەوە كاتێك دەچین لەگەڵ وڵاتانی دیكە قسە دەكەین، یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكان ئەوە بووە كە ئەوان چۆن دەتوانن هاریكاریی ئێمە بكەن تاوەكوو ئێمە بەروبوومی كشتوكاڵیی ناوخۆیی خۆمان زیاتر بكەین و كوالێتییان باشتر بكەین و نرخ و تێچوونیشیان كەمتر بكەینەوە، لە هەمان كاتیشدا بازاڕێكی ناوخۆیی و بازاڕێكی دەرەوەش بۆ جووتیارانی خۆمان بێنین. سوپاس بۆ خوا ئێمە سەركەوتوو بووین، چەندین بەروبوومی ناوخۆیی پار هەناردە كرا بۆ چەندین وڵاتی كەنداو و تەنانەت بۆ ئەورووپاش، ئێمە بەنیازین ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش ئەم بەروبوومانە زیاتر ببن و جۆری وانیش زیاتر ببێت و جۆری بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمانەی كوردستان بە جۆرێك بێت كە خەڵك زیاتر ڕووی تێ بكەن ئینشائەڵا.

    ئێمە بۆ بابەتی ئاو، دیسان چەندین پرۆژەی دیكە هەن بۆ دروستكردنی بەنداو و پۆند، بەداخەوە بەنداو لە هەموو جێیەك دروست ناكرێت، دەبێت جێی جوگرافییان گونجاو بێت تاوەكوو ئێمە بتوانین ئەو بەنداوانە دروست بكەین، بەڵام چوار بەنداوی مەزن لە كوردستان لە هەموو پارێزگاكان دەستنیشان كراون، لە قۆناغی دیراسەكردندان و ئینشائەڵا ئەگەر تەواو ببێ و جێبەجێ بكرێن، هاریكارییەكی یەكجار زۆر دەبێت بۆ پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵی، لە هەمان كاتدا دەتواندرێت هەندێك لەو بەنداوانە ڕەنگە بۆ وزەش بەكار بێن بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، بەڵام دیسان بۆ بابەتی گەشتوگوزاریش گەلەك گونجاو بن و دەكرێ ڕووبەرێكی زۆر بێنە بەكارهێنان بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزاری.

    ئێمە چەندین قەیرانمان تێپەڕاند، بەداخەوە بەڵام زۆر چانسمان نەبوو هەر لە دەستپێكی كابینەوە تاوەكوو ئێستا، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئەو قەیرانانە تێپەڕێندران، ئینشائەڵا بە هاریكاریی هەموو لایەك و ئێوە و حكوومەتیش هاریكار بێت، ئینشائەڵا بەرەو ئاسۆیەكی ڕوونتریش هەنگاو دەنێین.

    ئەوەی گرنگە ئێمە ئیرادەمان هەبێت و ئیرادەی خۆمان نەدۆڕێنین، پشت بە خۆمان ببەستین، كوردستان زۆر دەوڵەمەندە، هەم سرووشتەكەی و هەم خەڵكەكەی، سامانە سرووشتییەكانی گەلێك دەوڵەمەندە، ئێمە پێمان دەكرێ زۆر زیاتر سوود لە سرووشتی خۆمان و ئەو شتانە وەربگرین بۆ ئەوەی ببێتە خێر و بەرەكەت و بەرهەمێك بۆ ژیاندن و پێشخستنی وڵاتی ئێمەش.

    لەسەر دۆخی ئێمە لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی، دەمەوێ چەند قسەیەك بكەم، ئەویش ئێوە دەزانن پێش ماوەیەك، ئێمە ڕێككەوتنێكمان لەگەڵ حكومەتی فیدرالی و لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیران كرد بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی ماون لە نێوان بەغدا و هەولێر بێنە چارەسەر كردن، هەندێك لەوانە لەسەر نەوت و غاز و لەسەر بودجە و بابەتی ناوچە كێشەلەسەرەكان، ئێمە گەیشتینە چەندین ڕێككەوتن، بەڵام بەداخەوە دیسان چەندین بابەتی دیكەی یاساییان هێنایە پێش و بەربەستیان بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە دروست كرد.

    بەداخەوە پێش چەند ڕۆژێكیش چەند كەسێك لە لێژنەی دارایی هەندێك خاڵیان هێناوەتە پێش كە بەحەقیقەت ئەگەر جێبەجێ بكرێن، زەرەر و زیانێكی زۆر گەورە بە خەڵكی كوردستان دەكەوێت، ئەو خاڵانەش دەستووری نین و بەشێكیش نین لەو ڕێككەوتنەی كە ئێمە لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی هەمانە، لەبەر ئەوە ئێمە داكۆكی لەو رێككەوتنە دەكەین كە لەگەڵ سەرۆك وەزیران هەمانە و بەهیچ شێوەیەكیش ئێمە سازش لەسەر ماف و هەقی میللەتی خۆمان ناكەین. ئێمە ئامادەین گفتوگۆ بكەین و بگەینە ڕێككەوتنێك كە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكدا بێت، بەڵام هەقیقەت ئەو مافانەی كە لە دەستووردا بۆ میللەتی ئێمە هاتۆتە دیاریكردن، ئێمە بە هیچ جۆرێك سازشی لەسەر ناكەین، گفتوگۆش بەردەوامن و دڵنیاش بن ئینشائەڵا ئەوە دەبێت كە خێری میللەتی ئێمەی تێدایە.

    بابەتی پاشەكەوتی مووچە زۆرجار باس دەکرێت، حەز دەكەم بزانن كە هۆكاری سەرەكیی پاشەكەوتكردنی مووچە بەغدا بووە و حكومەتی هەرێم نەبووە، بەغدا بووە كە بودجەی هەرێمی بڕیووە، بۆیە هەرێم ناچار بووە هەندێك پارەی قەرز كردووە یانیش چەندین جاریش نەیانتوانیوە مووچە بدەن یان نیوەیان داوە، هەرچەندە ئێمە لەم كابینەیە، هەموو مووچەی خۆمان داوە، ڕاستە ئێمە رەنگە مانگێك دواكەوتبین بەڵام هەموو مووچەكانمان داوە، سەرەڕای ئەوەش، ئەو پاشەكەوتی مووچەیە كە باسی دەكەن، قەرزێكە لەسەر حكومەتی عێراق، كاتێك ئێستا دێتە باس كردن، پێویستە ئەو پاشەكەوتی مووچەیە بۆ خەڵك بگەڕێندرێتەوە، راستە هەموو خەڵك و ئێمە هەموو وا دەڵێین و حكومەتیش وادەڵێت، بەڵام ئەم شتە بە موزایەدە ناكرێ، پێویستە ئەو پارەیە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دابین بكرێت تاوەكوو ئەو پاشەكەوتی مووچەیە جارێكی دیكە بۆ خەڵك خەرج بكرێت، ئەگەر مەبەستیش ئەوەیە ئەو پارەیە لە بەشی هەرێمی كوردستانەوە بدرێت، من پێویستیم نە بە بڕیاری حكومەتی عێراق هەیە و نە ئێمە پێویستیمان بە چ بڕیاری دیكەش هەیە، ئێمە خۆمان زیاتر لە هەر خەڵكێكی دیكە، لە خەمی خەڵكی خۆمانین، دڵنیاش بن حەزناكەین هیچ كەسێكی ئێمە، هیچ هاووڵاتییەكی كوردستان لە هەق و مافی خۆیان بێبەش بن، لەبەر ئەوە ئێمە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی فیدرالی دەستەبەر بكەین. بەڵام لێرەش دیسان جارێكی دیكە دەيڵێمەوە كە دروستكردنی كارگە و زیادكردنی داهاتی ناوخۆیی، دەبێتە هۆكاری سەرەكی بۆ ئەوەی ئێمە زیاتر پشت بە خۆمان ببەستین و منەتمان بە خەڵكی دیكە نەبێت.
    جارێكی دیكە دەستخۆشی لە ئێوە دەكەم، ئینشائەڵا هەر سەركەوتوو دەبن و كوردستانیش هەر ئاوەدان دەبێت