نێچيرڤان بارزانى: خه‌ڵك له‌ ناكۆكيى سياسى بێزار و ماندووه‌

سیاسی
  • 28-05-2023, 22:37
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA 
    ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، به‌ ئاماده‌بوونی مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و نێچيرڤان بارزانى  سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و مه‌سروور بارزانى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان  و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی حكوومی و حزبى و نوێنه‌ری وڵاتان و ئه‌كادیمی و كه‌سوكاری قوتابیان، ڕێوڕه‌سمی پێنجه‌مین خولی ده‌رچووانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكیی‌ كوردستان له‌ دهۆك به‌ڕێوه‌چوو.
    نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌ راگه‌یاند"
    له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد وله‌به‌شێكدا هاتووه‌"
     خۆشحاڵین كه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ى به‌ڕێز له‌ خولێكى تازه‌ى ده‌رچووانى زانكۆى ئه‌مه‌ريكيى كوردستان له‌ دهۆك، به‌شدارين. به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له‌ ده‌رچووان ده‌كه‌م و هيواى سه‌ركه‌وتنى زياتريان بۆ ده‌خوازم.
    پيرۆزبايى له‌ دايكوباوك و خێزان و كه‌سوكارى ده‌رچووان و له‌ مامۆستايان و سه‌رۆكايه‌تى و ده‌سته‌ى ئه‌ميندارنی زانكۆ ده‌كه‌م. ئێوه‌ش ئه‌ركێكى گه‌وره‌ و پيرۆزتان به‌جێ گه‌ياند‌. ماندوو نه‌بن و ده‌ستتان خۆش بێت.
    به‌ڕێزان..
    ده‌رچوونى پۆلێكى ديكه‌ى گه‌نجانى كوردستان و عێراق، يان له‌ هه‌ر شوێنێكى ديكه‌وه‌ هاتبن، مايه‌ى شانازى و خۆشحاڵييه‌. ئێوه‌ ده‌رچووانى خۆشه‌ويست، به‌ زانست و زانينى تازه‌ و سه‌رده‌ميانه‌ پێگه‌يشتوون. ئێستا ئيتر ئاماده‌ن بۆ قۆناغى ديكه‌ى ژيان كه‌ قۆناغى كار و خزمه‌تكردن و به‌شدارى و هاوبه‌شيى كاراتانه‌ له‌ پێشخستنى وڵات و له‌ پێشخستنی كۆمه‌ڵگه‌دا.
    وڵات چاوى له‌ ئێوه‌يه‌ كه‌ ڕۆڵى خۆتان بگێڕن. هه‌ر يه‌كه‌ و له‌ بوارى خۆيدا داهێنان بكه‌ن و به‌ بير و عه‌قڵى تازه‌ و بنياتنه‌رانه‌، ده‌رفه‌تى كار بۆ خۆتان و ده‌روبه‌رتان دروست بكه‌ن. كارى سه‌ركه‌وتوو بكه‌ن بۆ به‌ره‌وپێشبردن و به‌هێزكردن و هه‌مه‌جۆركردنى ئابوورى.
    بيرۆكه‌ و ڕوانگه‌ى سه‌ركه‌وتووى زانستى و پيشه‌يى پێشكه‌ش بكه‌ن، بۆ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ و قه‌يرانه‌كانى وڵاته‌كه‌مان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا. بۆ باشتركردنى ئاستى ژيان و كۆمه‌ڵگه و په‌ڕينه‌وه‌ بۆ داهاتوويه‌كى باشتر.
    ئێوه‌ ده‌بێ له‌گه‌ڵ هاوكاران و هاوتاكانتان له‌ زانكۆكانى ديكه‌ى كوردستان، له‌ عێراق و جيهان، پێكه‌وه‌ كار و هه‌ماهه‌نگى بكه‌ن. سوود له‌ زانست و زانياريى يه‌كتر ببينن. به‌ بيرۆكه‌ى داهێنانه‌رانه‌ و پێشنيار و ڕه‌خنه‌ى بنياتنه‌رانه‌، پردێكى په‌يوه‌ندى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران و به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تيى وڵاتدا دروست بكه‌ن. به‌شدار و هاوبه‌ش بن له‌ به‌ڕێوه‌بردنێكى باشترى وڵاتدا، تا هه‌موومان پێكه‌وه‌ بتوانين كوردستانێكى به‌هێزتر و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ نه‌وه‌كانمان بنيات بنێين.
     له‌به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ دواپه‌ره‌سه‌ندنه‌كانی عێراقی دا وراگه‌یاند" هه‌موو لايه‌ك ئاگادارن كه‌ دواى ڕێككه‌وتنى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوبردنى ده‌وڵه‌ت بۆ دامه‌زراندنى حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵ، جۆرێك له‌ سه‌قامگيريى سياسى له‌ وڵات هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌. گه‌لى عێراق به‌ گشتى و دۆستان له‌ جيهان، به‌ خۆشحاڵى و ئومێده‌وه‌ له‌ لێكه‌وته‌ ئه‌رێنييه‌كانى ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ ده‌ڕوانن، بۆ داهاتوويه‌كى باشتر، هيوا و ئومێديان له‌سه‌ر بنيات ناوه‌.
    مايه‌ى نيگه‌رانييه‌كى قووڵ و بێ ئومێدييه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێ لايه‌ن هه‌وڵ بده‌ن ته‌گه‌ره‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌م ڕێككه‌وتنه‌كان و لێكگه‌يشتنى نێوان لايه‌نه‌كان. ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌يه‌ و هه‌وڵدان بۆ پێشێلكردنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، هه‌رگيز قبووڵكراو نييه‌ و هيچ سوودێك به‌ هيچ لايه‌ك و به‌ عێراق و سه‌قامگيريى وڵات ناگه‌يه‌نێت. ئه‌مه‌ ته‌نيا دووباره‌كردنه‌وه‌ى ئه‌زموونێكى شكستخواردووه‌ كه‌ هه‌ميشه‌ به‌ زيانى عێراق و هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق، ته‌واو بووه‌. بۆيه‌ لێره‌وه‌ داوا له‌ هه‌موو لايه‌ك ده‌كه‌م پابه‌ندى ڕێككه‌وتنه‌كان بن و پرۆسه‌ و سه‌قامگيريى سياسيى وڵات بپارێزن.
    ڕێگه‌ى ڕاست و دروست بۆ تێپه‌راندنى كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان له‌ عێراق، پابه‌ندبوونه‌ به‌ ڕێككه‌وتن و لێكگه‌يشتنى نێوان لايه‌نه‌كان به‌گشتى و لايه‌نه‌كانى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كی تايبه‌تى. ده‌بێ عێراق كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موومان بێت كه‌ تيايدا هه‌موو مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى ته‌واوى پێكهاته‌كان پارێزراو و ڕێزلێگيراو بن. مێژوو ئه‌مه‌ى سه‌لماندووه‌ و ده‌بێ هه‌موومان په‌ند و وانه‌ له‌ ڕابردوو وه‌رگرين.
    چ له‌ عێراق و چ له‌ هه‌رێمى كوردستان، خه‌ڵك ئيتر له‌ كێشه‌ و ناكۆكيى سياسى، بێزار و ماندوو بووه‌. هه‌موومان ده‌بێ به‌ خۆماندا بچينه‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى وڵات، بخه‌ينه‌ سه‌رووى هه‌موو شتێكه‌وه‌. ئێمه‌ ته‌نيا و ته‌نيا به‌ يه‌كڕيزى و يه‌كترقبووڵكردن و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ ده‌توانين پارێزگارى له‌ قه‌واره‌ى فيدراڵى و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ين و به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر، هه‌نگاو بنێين.