بەغداد - INA
دەستەی گومرگ، ئەمڕۆ هەینی، پلانێكی چالاكانەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ئاشكرا كرد، هاوكات ڕایگەیاند: كە 23 هەوڵی قاچاخیكردنی كەرەستەی جۆراوجۆر كە زۆربەیان ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل بوون، لە گومرگی ئوم قەسر پووچەڵ كردووەتەوە.
سەرۆكی دەستەكە حەسەن حەمود عگێلی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: دەستەكە پلانێكی چالاكانەی داڕشت بۆ بەرەنگاربوونەوەی خۆدزینەوە و قاچاخچێتی گومرگی لە هەموو بەندەرەكاندا، كە لەڕێگەیەوە توانی هەوڵێكی قاچاخیكردنی 106 كۆنتێنەر لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا پووچەڵ بكاتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو كەرەستانەی دەستیان بەسەرداگیراوە بریتییە لە دەرمان، ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل، مادەی كیمیایی، پاسكیل ، هەروەها گواستنەوەی مەلەفی دەستبەسەرداگیراو و دۆسیەكانیان بۆ دەسەڵاتی دادوەری.
وتیشی: دەستە پلانێكی پێشوەختەی ئامادەكردووە كە بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی لە سەرجەم ناوەندەكانی گومرگیدا جێبەجێ دەكرێت بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی خۆدزینەوە لە گومرگی و قاچاخچێتی، هەروەها بەهێزكردنی لیژنەكانی پشكنین بە سەرچاوە مرۆییەكان و كەلوپەلی بەردەست لەخۆدەگرێت.