ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەر هەموارکردن و گۆڕانکارییەک لە پڕۆژەی بودجەدا ڕەت دەکاتەوە کە دژی بڕگەکانی ڕێكکەوتن ولەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بێت

سیاسی
  • 24-05-2023, 19:08
  • +A -A

    هەولێر/ INA
    ئەمڕۆ ڕۆژی چوارشەممەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند هەر هەموارکردن و گۆڕانکارییەک لە پڕۆژەی بودجەدا ڕەت دەکاتەوە کە دژی بڕگەکانی ڕێكکەوتن ولەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بێت.
    فەرمانگەی ڕاگەیەندنی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕایگەیانووە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ڕێکخستنەوەی دارایی گشتیی و بەناوەندیکردنی مووچەی پەسەند کرد.
    ئەمڕۆ چوارشەممە 5/24 ، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
    بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە تایبەت بوو بە خستنەڕووی دوا پێشهاتەکانی پڕۆژە یاسای بودجە فیدراڵ بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 وگفتوگۆکردن لەسەر ئەو ماددە و بڕگانەی پەیوەندیدارن بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە 2023/5/2 هەندێک لە مادەکانی هەموار کرایەوە و لە ناویشیدا گۆڕانکاری لە ماددەی 12 و لابردنی ئەو دەستەواژەیەی مەترسی بوو لەسەر ناردنی شایستەی دارایی هەرێم.
    لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە هەوڵی چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق درا ، کە هەوڵی هەموارکردنەوەی ماددەکانی 13 و 14یان دا ، و پێشنیارەکانیان دژی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستانە کە ڕێککەوتنی لەسەرکراوە و لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوو حکومەتی هەرێم وفیدرال پەسەندکراون و لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی 2023/4/4 و پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق جێگیرکراون.
    سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرال بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو، کە دەرئەنجام ڕێکكەوتننامەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدرالی لێکەوتەوە بە ئاراستەی بەرژەوەندیی هەردوولا و لەسەر بنەمای دەستوور و دابینکردنی شایستەی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەدا، بۆیە دەبێت پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی بودجە و ڕێز لە مافە و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت و هیچ هەموارکردن و گۆڕانکارییەک لە پڕۆژەکە نەکرێت لە دەرەوەی بڕگەکانی ڕێكکەوتن ولەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولا.
    سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە، بۆیە لەبەرامبەردا حکومەتی فیدراڵیش دەبێت ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات و ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دابین بکات .
    لە کۆتایی ئەم بڕگەیەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە شاندی دانوستانکار بەردەوام بێت لە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بە ئاراستەی پێشێلکردنی ماف و شایستەکانی هەرێم کە دەستوور جێگیری کردوون و لە ناو ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەت وپڕۆژە یاسای بودجە ڕەنگیان داوەتەوە.
    سەبارەت بە شایستەی دارایی هەرێم لە ماوەی ئەم 5 مانگەی ی ساڵی 2023، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی پەسەندکرد بە ناردنی نووسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەغدا، بۆ کارکردن بە ماددەی 13 لە یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵیی ساڵی 2019، بە ڕەوانەکردنی یەک لەسەر دوانزدەی خەرجیە کردارییەکانی هەرێم لە ساڵی پێشوو کە لە لایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی و وردبینی کراوە، هاوشێوەی ئەو میکانیزمەی کە خەرجیەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراقی پێ خەرج دەکرێت لە 2023/1/1 ەوە و نابێت جیاکاریی بکرێت لە نێوان هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراق لەم ڕووەوە، هەرێمیش ئامادەیە بۆ هەر پابەندییەک بکەوێتە ئەستۆی لەبەر ڕۆشنایی یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵیی.
    لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەبارەی دانانی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێم.
    دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و پێشنیارکردنی چەند هەموارکردنێک، ئەنجومەنی وەزيران بە کۆی دەنگ سەرجەم بڕگەکانی بڕیارەکەی پەسەند کرد بە ڕەچاوکردنی ئەو هەموارانەی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدران.
    سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران دووپاتی گرنگی ئەم بڕیارەیان کردەوە کە جارێکی دیکە بنەماکانی دارایی گشتی لە هەرێم دادەڕێژێتەوە بە ئاراستەی بە ناوەندییکردنی داهات وخەرجیەکان و بە ناوەندییکردنی مووچە لەسەرتاسەری هەرێم کە کاری لە پێشینەی بێت پێش هەر خەرجیەکی دیکە و پەیڕەوکردنی یەکسانیی و ژمارەی دانیشتووان بۆ خەرجیەکان (جگە لە مووچە) نەک پەیڕەوکردنی دابەشکردنی ڕێژەکاریی لە سەر ئاستی داهاتی پارێزگا.
    ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم وەزیرەکانی ڕاسپارد لە ئێستاوە پلانی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە دابڕێژن و بۆ زەمانەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەش، بۆردێکی باڵای پشتیوانی پێکهێنرا بۆ ئاسانکاریی و لابردنی بەربەست وئاستەنگەکان.
    لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕوو. ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە بەرزکردنەوەی ئاستی دامەزراوە تەندروستییە گشتییەکان و خزمەتگوزارییەکانیانە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە دەرفەت بدرێت بە ئەنجومەنی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرانی گشتی تەندروستی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کە لە هەمانکاتدا ئەندامی ئەنجومەنی وەزارەتن دوا خستنەڕووی بۆ بکەن ، تا ئامادە بکرێت بۆ دەنگدانی کۆتایی لە کۆبونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران.