بەغداد - INA
ئەنجومەنی هەواڵگری نیشتمانی، لە میانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەدا، چەند ڕاسپاردەیەكی تایبەت بە پرسی ماددە هۆشبەرەكان دەركرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی قاسم ئەعرەجی، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەواڵگری نیشتمانی كرد، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دەزگا ئەمنییەكان و ئاژانسەكانی هەواڵگریی.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەنجومەنەكە گفتوگۆی لەسەر پرسی (بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان) كرد، هەروەها پێداچوونەوەی بە ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە دەروونییەكان لە دەزگای هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵی كرد، لە ڕووی ڕاستییەكان و هەڵسەنگاندن و ڕێكارەكانی ئێستا و ڕێكارەكانی داهاتوو، ئاماژەی بەوەشكرد: كە ئەنجومەن چەندین ڕاسپاردەی پەیوەست بە پرسی ماددە هۆشبەرەكان دەركرد، لەنێویاندا گرنگی هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و داواكردن لە پارێزگارەكان بۆ پاڵپشتیكردنی بەڕێوەبەرایەتییەكانی دژە ماددە هۆشبەرەكان لە پارێزگاكانیان، دابینكردنی ئامێر و كەلوپەل بۆ كارئاسانی بۆ كاری دەستە و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان، هەروەها دەستكردن بە هەڵمەتێكی ڕاگەیاندن لەسەر ئاستی وەزارەت و ئاستی كۆمەڵ بۆ ڕوونكردنەوەی مەترسییەكانی ئەم دیاردەیە.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ئەنجومەنەكە بە جەختكردنەوە لەسەر گرنگی هەماهەنگی و یەكخستنی هەوڵەكانی دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە مەترسیدارە كۆتایی بە كۆبوونەوەكەی هێنا.