بەغداد - INA
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕایگەیاند: 5 ماددەی ماونەتەوە كە تا ئێستا لەناو لیژنەكەدا دەنگیان لەسەر نەدراوە و پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە، و هەروەك ئاماژەی بە پێویستی پێنج ڕۆژی دیكە كرد بۆ چارەسەركردنی، تەئكیدی لە هەوڵەكانیشی كردەوە بۆ ئەوەی هەموو گرێبەستەكان و وانەبێژەكان بە تەواوی دۆسێكانیان لەخۆبگرێت.
محەممەد نوری ئەندامی لیژنەكە لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: لیژنەكە دەنگیدا بۆ دامەزراندنی گرێبەستەكانی پێش و پاش 10/2/2019، ئێمەش كارمانكرد بۆ ئەوەی بخرێتە ناو بودجەوە، هەروەها كرێكاران لە سەرجەم دامودەزگاكانی دەوڵەتدا.
ئاماژەی بەوەشكرد: بڕگەی دیكەش هەن كە لەناو لیژنەكەدا گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت بۆ ئەوەی وانەبێژی خۆبەخش و پاشكۆی دیكەش سەبارەت بە گرێبەستەكان لەناو دامەزراوەكان و گونجاندنی باری دارایی و یاساییان لەناو وەزارەتەكاندا بگرێتەوە.
وتیشی: لیژنەی دارایی كاردەكات بۆ ئەوەی سەرجەم گرێبەستەكان و مامۆستایانی وانەبێژ لەخۆ بگرێت بۆ تەواوكردنی فایلی گرێبەست و كرێ.
ڕوونیشیكردەوە: ئەو بڕگانەی ماون بۆ گفتوگۆكردن لەناو لیژنەی دارایی لە پێنج بڕگە تێناپەڕن، لەناویاندا گواستنەوە و بودجەی هەرێم، هەروەها پێویستمان بە ماوەیەك هەیە كە لە پێنج ڕۆژ زیاتر نەبێت بۆ گفتوگۆكردن پێش ئەوەی بودجە بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی تەئكیدیكردەوە: كە هیچ ناكۆكییەك سەبارەت بە مەلەفی بودجەی هەرێم نییە، بەڵكو پێویستی بە ڕێكخستنی میكانیزمی ڕێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر هەیە، كە بریتییە لە حیسابات و ژمارە و ڕێككەوتن و میكانیزمێك بۆ كۆكردنەوەی داهات، هەروەها دانانی خشتەی قەرزەكانی هەرێم.