بەغداد - INA
جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران موحسین مەندەلاوی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەئكیدیكردەوە: ئەنجومەنی نوێنەران بە پەرۆشە بۆ تەواوكردنی یاسای بودجە بە خێرایی.
نوسینگەی راگەیاندنی مەندەلاوی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: مەندەلاوی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی نوێی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كرد، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی پەرلەمان شاخوان عەبدوڵا و سەرۆكی لیژنەكە عەتوان عەتوانی و سەرجەم ئەندامەكانی، بۆ تەواوكردنی گفتوگۆی ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵانی دارایی (2023-2024-2025) و دەستكاری كۆتایی سەر بڕگەكانی وەك ئامادەكارییەك بۆ پەسەندكردنی.
مەندەلاوی جەختیكردەوە: كە لە میانی كۆبوونەوەكەدا، پێداچوونەوە بە دەقە یاساییەكانی پڕۆژە یاساكەدا كرا، دەنگدان لەسەر زۆربەی ئەو بڕگانەی تێیدا هەیە تەواو بوو، هاوكات ناوبراو پەرۆشی سەرۆكایەتی ئەنجومەن و لیژنەی دارایی دەربڕی بۆ خێراكردنی تەواوكردنی یاساكە چونكە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە و بەشێوەیەك هاوتا بێت لەگەڵ بەرنامەی حكومەت كە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر درا.
ئاماژەی بەوەشكرد: ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ئەو سێ ساڵە ئاسانكاری دەكات بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و پلانی جێبەجێكردن و گەشەپێدان و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەكانی ژێرخان، جگە لە بەرزكردنەوەی ئاستی كەرتی تایبەت.
ئاشكراشیكرد: ئەنجومەن ئەركی چاودێریكردنی خۆی جێبەجێ دەكات بۆ بەدواداچوون بۆ خەرجكردنی تەرخانكردنی دارایی لە شوێنی دیاریكراوی خۆیان و دڵنیابوون لەوەی كە نەچنە گیرفانی گەندەڵكارانەوە.