بەغداد - INA
جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، موحسین مەندەلاوی، ئەمڕۆ چوارشەممە، تەئكیدیی لە تەرخانكردنی دارایی پەیوەست بە بەنداوەكان لە یاسای بودجەی دارایی فیدراڵیدا كردەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: مەندەلاوی پێشوازی لە بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گشتی بەنداو و كۆگاكان عەلی رازی سامر و شاندی یاوەری كرد، بە ئامادەبوونی پەرلەمانتار هومام تەمیمی، بۆ تاوتوێكردنی مەلەفی نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی بەنداوەكان و ئاستەنگەكانی بەردەم كاركردنی دەستەكە، بەهۆی ئەو گرنگییە زۆرەی كە بەنداو و كۆگاكانی ئاو نوێنەرایەتی دەكەن لە بەهێزكردنی یەدەگی ئاو لە وڵاتدا.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: مەندەلاوی داوای لە دەستەكە كرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە، لێكۆڵینەوەیەكی ورد بۆ نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی بەنداوی نوێ ئامادەبكات و هۆكارەكانی دواكەوتنی تەواوكردنی بەنداوەكان دیاریبكات، بە مەرجێك كە توێژینەوەكە دانانی تێچووی خەمڵێنراو و سەقفی كات و وردەكاری تەكنیكی بۆ دامەزراندنی هەر پڕۆژەیەك و لێكۆڵینەوەی ئیمكانیات بۆ هەر پڕۆژەیەك لەخۆبگرێت.
ئاشكراشیكرد: جێگری یەكەم پەیوەندییەكی تەلەفۆنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ وەزیری سەرچاوەكانی ئاو ئەنجامدا، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێویستی خستنەڕووی تەرخانكردنی دارایی پەیوەست بە بەنداوەكان لە یاسای بودجەدا، بەتایبەتی دروستكردنی بەنداوی (دۆڵی نەفت) لە قەزای مەندەلی.
هەر بەپێی بەیاننامەكە، مەندەلاوی جەختی لە گرنگی پاراستن یان زیادكردنی تەرخانكردنەكان لە بودجەی نوێدا كردەوە كە بەشداری دەكات لە بەهێزكردنی عەمباركردنی ئاو و ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و زیادكردنی ئاوی ژێر زەوی.