قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆبووەوە

سیاسی
  • 13-05-2023, 15:16
  • +A -A

    هەولێر/INA 
    قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ وەفدێکی پەرلەمانی عێراق کە پێکهاتبوو لە ئەندامانی لیژنەی ئەوقاف و عەشایر بەسەرۆکایەتی مەحمود مەشهەدانی کۆبووەوە و پێکەوە دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و چۆنییەتی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدایان تاوتوێ کرد. 
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕایگەیاندووە،لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی شەمە 13ی ئایاری 2023 لە دەباشان بەڕێوەچوو، دکتۆر مەحمود مەشهەدانی رۆڵی سەرۆک مام جەلالی وەبیرهێنایەوە لە بەدیهێنانی ئاشتەوایی و تەبایی و یەکریزی لەنێوان لایەنە عێراقییەکان و سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکاندا و رایگەیاند لە قۆناغی سەخت و هەستیاری دوای رووخانی رژێمی بەعس سەرۆک مام جەلال وەک پێشەوایەک لە سیاسەتی عێراق دەرکەوت کە بەبێ جیاوازی کۆکەرەوەی سەرجەم دەنگ و رەنگە جیاوازەکان بوو.
     قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگی قوڵکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە کە ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانە، ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە هەموولایەکمان بە هەمان شێوازی سەرۆک مام جەلال کار بکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەپێناو ئاشتەوایی و یەکڕیزی نیشتمانییدا.  
    سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند؛ هەموو کات وتوومانە بەغدا قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە، هەرچەندە ئێستا پەیوەندییەکان لە دۆخێکی باشدایە، بەڵام دەبێ بە هەموو لایەکمانەوە کاربکەین لەپێناو ئاشتەوایی و تەبایی زیاتر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەشێوەیەکی بنەڕەتی و درێژخایەن چارەسەر بکرێت.