بەغداد - INA
كۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە سەر بە وەزارەتی بازرگانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەئكیدیكردەوە: كە ئەمساڵ هیچ كێشەیەك لە پڕۆسەی بەبازاڕكردنی گەنمدا نەبووە، ئاشكراشیكرد: بەرهەمهێنان لەم وەرزەدا باشترینە لە سایەی بارانبارین و پاڵپشتی حكومەت بۆ جوتیاران.
بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە حەیدەر كرعاوی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: بەپێی ڕێنماییەكانی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، وەزارەتی دارایی بەردەوامە لە گەیاندنی پارە لە هەر 10 ڕۆژ جارێك بە وەزارەتی بازرگانی، بە بەهای 500 ملیار دینار بۆ هەر وەجبەیەك، بۆ ئەوەی شایستەی جوتیاران خەرج بكات.
ئاشكراشیكرد: هەماهەنگییەكی زۆر لەگەڵ وەزارەتی دارایی و گرنگیپێدانێكی گەورە لە لایەن سەرۆك وەزیرانەوە هەیە بۆ ئەوەی بەبێ دواكەوتن شایستەی جووتیاران خەرجبكرێت، هەروەها دوو بەشمان لەو بڕە پارەیە پێ گەیشتووە، ئەمڕۆش بەشی سێیەم وەردەگرین.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كردارەكانی گەیاندنی شایستە لە ڕۆژی ڕادەستكردنی بەرهەمەكە یان ڕۆژی دوای ئەوە، بە زۆرترین ئاست ئەنجام دەدرێت و ئەمەش بۆ یەكەمجارە لە عێراق ڕوودەدات، ئەمەش لە سایەی ڕێنماییەكانی سەرۆك وەزیران و سایلۆكانی وەزارەت تا كاتژمێر سێی بەیانی دەرگاكانی دەكەنەوە بۆ وەرگرتنی بەرهەمەكە.
بەڕێوەبەری كۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە رونیشیكردەوە: لە وەرزی ئێستادا گەیاندن دوو هێندە زیادیكردووە، بەو پێیەی پێشتر هەر پارێزگایەك ڕۆژانە 100 بارهەڵگری وەردەگرت بۆ وەزارەت، هەروەها ژمارەكە دوو هێندە زیادیكردووە بۆ 200، هەروەها هەركەسێك 200 بارهەڵگری گەیاندبێت ئێستا 400 بارهەڵگر وەردەگرێت، پرۆسەكە بە شێوەیەكی ڕێك و پێك بەردەوامە.
وتیشی: هیچ كێشەیەك لە پرۆسەی وەرگرتن و گەیاندنی بەرهەمی گەنمدا تۆمار نەكراوە، هەروەها بەهۆی وەرزی بارانبارین و بەكارهێنانی ئامێری ئاودێری مۆدێرن، لەم وەرزەدا باشترین جۆری گەنم وەردەگرین.