ئەعرەجی: عێراق پێشوازی لە هەر هەوڵێكی نێودەوڵەتی دەكات بۆ یارمەتیدانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان

ئەمنی
  • 11-05-2023, 19:19
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی قاسم ئەعرەجی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەئكیدیكردەوە: كە عێراق پێشوازی لە هەر هەوڵێكی نێودەوڵەتی دەكات بۆ یارمەتیدانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی قاسم ئەعرەجی، لە ئۆفیسەكەی خۆی پێشوازی لە باڵیۆزی نەرویج، ئاسپین لیندبێك كرد و لە میانی دیدارەكەدا، پێداچوونەوەیان بە پەیوەندییەكانی هاوكاری و دۆستایەتی نێوان عێراق و نەرویج و ڕێگاكانی پەرەپێدانیان كرد، بە شێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو وڵات و گەلی دۆست بكات.
    ئەعرەجی بۆ باڵیۆزی نەرویج تەئكیدیكردەوە: كە داعشی تیرۆریست هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەكە و جیهان، عێراقیش بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی توخمە تیرۆریستییەكان تاوەكو لەناو دەبرێن.
    وتیشی: هێزە عێراقییەكان خاوەنی ئەزموونێكی گەورەن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، هەروەها پێویستیان بە پاڵپشتی وڵاتانی دۆست هەیە لە بوارەكانی ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی و ئاسایشی ئەلیكترۆنی.
    هەر بە پێی بەیاننامەكە ئەعرەجی جەختیكردەوە: لە گرنگی هەڵوەشاندنەوەی كەمپی هۆلی سوریا ، بەو پێیەی مەترسییەكی ڕاستەقینە بۆ سەر ناوچەكە و جیهان دروست دەكات و جارێكی دیكەش داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە پاڵپشتی عێراق لەو بوارەدا بكەن بۆ ئەوەی وڵاتان هاووڵاتیانی خۆیان لە كەمپەكە بكشێننەوە.
    راشیگەیاند: عێراق پێشوازی لە هەر هەوڵێكی نێودەوڵەتی دەكات بۆ یارمەتیدانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، وتیشی: ئەمە ئافاتێكە كە مەترسی لەسەر كۆمەڵگاكان دروست دەكات، بەرەنگاربوونەوەشی ئەولەویەتی كارەكانی حكومەتی عێراقە.
    لای خۆیەوە باڵیۆزی نەرویج دووپاتی كردەوە: كە وڵاتەكەی هاووڵاتیانی خۆی لە كەمپی هۆل گەڕاندۆتەوە، جگە لە منداڵێك و دوو ژن نەبێت.