سەرۆكی كۆمار داوای وەلانانی هەموو ناكۆكییەك دەكات بۆ ئەوەی كەشێكی سەقامگیری سیاسی و ئابووری دروست بكرێت

سیاسی
  • 11-05-2023, 18:11
  • +A -A

    بەغداد - INA
    سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ پێنجشەممە، داوای كرد هەموو ناكۆكییەكان وەلا بنرێت بۆ ئەوەی كەشێكی سەقامگیری سیاسی و ئابووری دروست بكرێت.
    سەرۆكی كۆمار ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشداری لە مەراسیمی كردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی كرد، كە تایبەتە بە یادی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی.
    سەرۆكی كۆمار وتارێكی پێشكەش كرد كە ئەمە دەقەكەیتی:
     بەناوی خوای گەورە ومیهرەبان
     بەڕێز كاك مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
    ئامادەبووانی بەڕێز 
     سڵاوێكی گەرم
    خۆشحاڵم لەم مەراسیمە گرنگەدا لەگەڵتانم بۆ كردنەوەی مۆزەخانەی سەرۆكی مەزن جەنابی مەلا مستەفای بارزانی لەناخی دڵمەوە دەستخۆشی لەهەموو ئەو خوشك و برایانە ئەكەم كە ئەم دامەزراوەیان هێنایە بەرهەم بۆ بەرز ڕاگرتنی یادەوەری جەنابی بارزانی .
    خوشكە و برایانی بەڕێز:
     مێژووی میللەتەكەمان پڕیەتی لە سەروەری و شكۆمەندی، بەدرێژایی دەیان ساڵەی خەباتی نەتەوایەتیمان كەسانی زۆر گەورە و خاوەن كارێزما هاتونەتە مەیدانی تێكۆشانی كوردایەتی كە بەفەزڵی ئەوانەوە ڕێڕەوی خەباتی نەتەوایەتیمان و ڕێبای پیرۆزی كوردایەتی بەردەوام بووە بۆ هێنانەدی مافە ڕەواكانی میللەتەكەمان، بۆیە ئێمەش وەك هەر میللەتێكی زیندو، شانازی بەو سەركردە مەزنانەوە ئەكەین كە لە قۆناغەكانی خەباتی نەتەوەییمان ژیانی خۆیان بۆ میللەتەكەیان تەرخانكرد و پێویستە كاریگەری ئەو سەركردە مەزنانە بە درەوشاوەیی بهێڵینەوە و نەوەكانی ئێستا و داهاتوومان بە خەبات و تێكۆشانی ئەوان ئاشنا بكەین.
    بەڕێزان..
    هەلومەرجی ناوچەكەمان بەگشتی و بارودۆخی وڵاتەكەشمان بە تایبەتی ڕووبەڕووی تەحەدییاتی گەورە بووەتەوە و قۆناغێكی نوێ هاتوەتە بەردەم هەردوو حكومەتی ئیتحادی و هەرێمی كوردستان، كە ساڵانێكە ناوچەكە و عێراق بە هۆی جەنگ و تەئسیرەكانی و بەهۆی ناسەقامگیری سیاسی و تێكچونی پەیوەندیەكان هاتبونە ئاراوە، ئێستا كەشێكی ئارام هاتوەتە پێشەوە بۆ ئەوەی بە هەمولایەكمان هەوڵ بدەین ئەم قۆناغە بقۆزینەوە بۆ زیاتر لە یەك نزیك بونەوە و گفتوگۆی ئاشتیانە و برایانە بۆ سەر لەنوێ بونیادنانەوەی وڵاتەكامان .
    كاتی ئەوە هاتوە كە هەموو پێكهاتەكانی عێراق ناكۆكی و ململانێ سیاسیەكانیان بەلاوە بنێن و ژینگەیەكی سیاسی تەندروست بەدی بهێنن ، بۆ بۆژانەوەی ژێرخانی ئابوری وڵات و بەدیهێنانی ئاواتەكانی گەلانی عێراق بە هەموو پێكهاتەكانیەوە بەتایبەتیش ڕەخساندنی كەشێكی ئارام و سەقامگیری سیاسی و ئابوری بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتومان لەڕێگای تەرخانكردنی سامانی وڵات بۆ پێشخستنی پرۆژەی وەبەرهێنان وداهێنان لەگشت بوارەكانی ژیاندا .
    گومانمان لەوەدا نیە، ئێستا نیەتێكی باش هەیە لەلایەن هەردوو حكومەتی بەغدا و هەرێم بۆ سەرخستنی دیالۆگی نیشتمانی وچارەسەری كێشەكان و كۆتاییهێنان بە گرفتە سیاسیەكان و كاركردن بۆ داڕشتنی بەرنامەیەكی سیاسی نوێ كە زامنی هەموو مافە دەستوریەكانی میللەتەكەمان بێت و هەرێمی كوردستانیش ببێتە فاكتەرێكی بەهێز لە ئێستا و ئاییندەی عێراقدا .
    لە كۆتاییدا بە پێویستی دەزانم بە هەموولایەكی ڕابگەیەنم كەچارەنوسی عێراق و هەرێمی كوردستان بەیەكەوە بەستراوەتەوە و لەیەكتر جیانابنەوە، قۆناغەكانی ڕابردووش پێمان دەڵێن كە نەعێراق ئارامی بەخۆیەوە ئەبینێ بەبێ هاوكاری و هەماهەنگی هەرێمی كوردستان نە هەرێمیش سەقامگیری ئابوری بەخۆیەوە ئەبینێ و بەبێ حكومەتی ئیحادی.
    بۆیە پێویستە لێرەوە زمانی گفتوگۆ و سازان لێكگەیشتن ببێتە فاكتەری دارشتنی سیاسەتێكی نوێ لە عێراقدا كە خزمەت بە هەموولایەك بكات و وڵاتەكەمان ئاوەدان بكاتەوە و پێكەوە ڕووبەڕووی ئەو تەحەدییاتانە ببینەوە.
    هیوای سەرفرازی و سەركەوتن بۆ هەموو لایەك ئەخوازم 
    جارێكی تریش دەستان خۆشبێت بۆ ئەم هەنگاوە پیرۆزە لە بەرز ڕاگرتنی یاد و یادەوەری بارزانی نەمر .
    هەر شاد و سەرفراز و سەر كەوتووبن ...   
    بارزان ١١-٥-٢٠٢٣