بەغداد - INA
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆ لیوا سەعد مەعن، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە وردی باسی لە سوودەكانی یەكەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەغداد بۆ روبەروبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان كرد.
لیوا مەعن بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: ئەنجامی كۆنفرانسەكە باش دەبێت، بەتایبەتی كە عێراق كە سەری ڕم بوو لە بەرەنگاربوونەوەی چەتەكانی تیرۆریستی داعش، لە ئێستادا هەمان ڕۆڵی هەیە لە بواری روبەروبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكاندا.
ئاماژەی بەوەشكرد: یەكێك لە لایەنە ئەرێنیە گرنگەكان لە میانی كۆنفرانسەكەدا ئەوەیە كە بەربەستەكان لە نێوان وڵاتانی بەشداربوو لە بواری پێدانی زانیاریدا هەڵگیراون، هەروەها دەربڕینی رەزامەندی لە هەموو لایەكەوە هەیە كە پێویستە گروپێكی كار لەسەر ئاستی ناوچەكە هەبێت بۆ ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری.
ئاشكراشیكرد: شەڕكردن لە دژی ماددە هۆشبەرەكان پەیوەستە بە زانیارییەوە، زانیارییەكانیش كاریگەریی هەوڵە ئەمنی و تەكنیكییەكانی دەزگاكانی دژە ماددە هۆشبەرەكان لە سەرانسەری جیهاندا دەڕەخسێنن، و وتیشی: ئاڵوگۆڕی زانیاری دیدێكی ڕوون سەبارەت بە جوڵەی ماددە هۆشبەرەكان و تاوانبارەكانیان دروست دەكات، بەتایبەتی كە ماددە هۆشبەرەكان تاوانێكی سنووربەزێنە.
جەختیشی كردەوە: رێككەوتن كرا كە كۆبوونەوەیەكی خولیی لە نێوان وڵاتانی بەشدار لە كۆنفرانسەكەدا بكرێت بە ئامانجی یەكخستنی دیدگاكان و ئاڵوگۆڕكردنی ئەزموونەكان، ڕاهێنانی هاوبەش، وردەكارییەكانی دیكە كە لە بەرژەوەندی ناوچەكەدا بێت لە بواری روبەروبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، هەروەها ڕێككەوتن كرا كە ساڵانە كۆنفرانسی روبەروبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان ئەنجام بدرێت، جگە لە كۆبوونەوەی ئاسایی.
لیوا سەعد مەعن ئاماژەی بەوەشكرد: كۆبوونەوەكان پرۆسەی هەماهەنگی نێوان وڵاتانی ناوچەكە زیاد دەكەن، كۆنفرانسەكەش شایەتحاڵی كۆبوونەوەی لاوەكی بووە، ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموواندایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، كارەكانی یەكەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەغداد بۆ روبەروبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان كۆتایی هات.