سەرۆكی دەستەی دەروازەكان و شاندێكی ئێرانی لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان ڕێكدەكەون

سیاسی
  • 10-05-2023, 18:06
  • +A -A

    بەغداد - INA
    سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكان لیوا عومەر عەدنان وائیلی و شاندێكی ئێرانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات لە بواری كۆنتڕۆڵكردنی ماددە هۆشبەرەكان ڕێككەوتن.
    بە گوێرەی بەیاننامەیەكی دەستەكە كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكان لیوا عومەر عەدنان وائیلی و كادرانی پێشكەوتووی دەستەكە پێشوازییان كرد لە شاندێكی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆكایەتی ئەمینداری گشتیی دەستەی بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەكان ئەسكەندەر موئمنی و بەرپرسی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان ئیرەج كاكاوەند و بەرپرسی بەشی پەنابەران و كارەساتە سروشتییەكان و ماددە هۆشبەرەكان مەجید هەمەدانی، كە تیایدا كۆمەڵێك بابەتی گرنگیان تاوتوێ كرد كە پەیوەندییان بە واقیعی كارەكانی دەروازە سنوورییەكانەوە لە هەردوو وڵات و ڕێگاكانی توندكردنەوەی كۆنترۆڵكردنیان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەكان هەبوو.
    لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، دیارترین بڕگەكان كە باسیان لێوەكرا بەم شێوەیە بوون:
    1- بەرزكردنەوەی ئاستی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و تەواوكاری لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكاندا.
    2- ڕێككەوتن لەسەر خاڵ و شێوازەكانی پەیوەندیكردن لە ڕێگەی ئەفسەرانی پەیوەندی لە بەدواداچوون بۆ فایلی ماددە هۆشبەرەكان.
    3- داڕشتنی پلانێكی دیراسەكراو بۆ بەرەنگاربوونەوەی هاتنی مادەی هۆشبەر لە ماوەی سەردانكەرانی ملیۆنی.
    4- پێویستی چڕكردنەوەی گەڕان بەدوای ماددە هۆشبەرەكاندا بۆ ڕێگریكردن لە تێپەڕینیان.
    5- كۆنتڕۆڵكردن و داخستنی سنوور و ڕێگای قاچاخ بۆ ڕێگرتن لە ئیستغلالكردنیان لە قاچاخی مادەی هۆشبەردا.
    6- نوێكردنەوەی یاداشتەكانی لێكتێگەیشتن بەپێی گۆڕاوەكانی بەرەنگاربوونەوەی چوونە ژوورەوە و دەرچوونی ماددە هۆشبەرەكان و پێشخستنی.
    7- چالاككردنی زانیاری هەواڵگری و هەوڵی ئەمنی پەیوەندیدار بە بەدواداچوون بۆ فایلی ماددە هۆشبەرەكان.
    لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی دەستە بەخێرهاتنی خۆی بۆ میوانەكان نوێكردەوە و هیوای خۆی دووپاتكردەوە بۆ پاراستنی پەیوەندییەكان لەڕێگەی كەناڵە فەرمییەكانەوە بۆ دووركەوتنەوە لە هەر كێشەیەك یان كەموكوڕییەك لە ڕەوتی كارەكاندا، هەروەها وائیلی تەئكیدی لە پێویستی كردنەوەی كەناڵە فەرمییە ڕاستەوخۆكانی نێوان دەروازەكانی هەردوو وڵات كردەوە بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاستەنگانەی كە لەناكاو ڕوودەدەن.