هەولێر/ INA
ئەمڕۆ ڕۆژی سێشەممە ،سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریکا ـــ کوردستان کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕایگەیاندووە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریکا ـــ کوردستان کرد،لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، دەیڤد تەفوری سەرۆکی ئەنجومەنەکە کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و پێکهاتەی شاندەکە خستەڕوو.ئامادەیی خۆشیان بۆ برەودان بە کار و وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.
سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان، هەموو ئەرک و باپەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێککەوتنەکان جێبەجێ کردووە و داوا دەکات حکومەتی فیدراڵیش مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکات .
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان . لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە قووڵکردنەوە و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و ئازادی ئایینی و پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان دووپات کردەوە.
شاندەکە ستایشی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کارئاسانیکردن بۆ وەبەرهێنەران و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و پرۆسەی ڤیزای ئەلیکترۆنیان کرد.