بەغداد - INA- وەسام مەلا
وەزیری وزەی ئێران عەلی ئەكبەر محرابیان، ئەمڕۆ شەممە، دەستپێكردنەوەی كارەكانی لیژنەی هاوبەشی ئاوی لەگەڵ عێراق ڕاگەیاند.
عەلی ئەكبەر محرابیان وەزیری وزەی ئێران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە هۆتێل ڕەشید لەپەراوێزی سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەغداد بۆ ئاو ، كە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەی بوو، رایگەیاند: ئەم سەردانە لەسەر بانگهێشتی حكومەتی عێراقە بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەغداد بۆ ئاو، وتیشی: ئەم كۆنفرانسە تایبەمەندە و ئامانجی جیاواز دەگرێتەبەر و هیوادارین ئەنجامی ئەرێنی لێبكەوێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: كۆنفرانسەكە دەرفەتێك بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی بۆچوونەكان لە نێوان بەرپرسان و بیرمەندان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەڕەخسێنێت.
رونیشیكردەوە: ئێمە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی گۆڕانی كەشوهەوا و كەمبوونەوەی ڕێژەی باران بوینەتەوە، ئەم واقیعەش پێویستی بەوەیە كە هاوكاری و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە نێوانماندا زیادبكەین بۆ ئەوەی شێوازی بەڕێوەبردنی دروست بۆ سەرچاوە ئاوییەكانمان بگرینەبەر بە مەبەستی بەدەستهێنانی سوودی زیاتر.
ئاشكراشیكرد: ئەم گفتوگۆیانە یارمەتیدەر دەبن بۆ گەیشتن بە ئەنجامەكان كە خزمەت بە گەلانی هەردوو وڵات دەكەن، هەروەها لەسەر خاڵە گرنگەكان كۆك بووین، لەوانە دەستپێكردنەوەی كاری لیژنەی هاوبەشی ئاوی نێوان هەردوو وڵات لە چوارچێوەی پەیماننامە دووقۆڵییەكان دوای ماوەیەك لە وەستاندنی كارەكانی، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێك كە خزمەت بە هەردوو گەل و هەردوو وڵات دەكات.