بەغداد - INA
جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران موحسن مەندەلاوی، ئەمڕۆ شەممە، ڕێنمایی لیژنە پەیوەندیدارەكانی كرد بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی ئیدارەی پارێزگاكان بۆ ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی كە بەپێی بودجە تەرخانكراون.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: مەندەلاوی سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی فراوانكراوی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كرد، بە ئامادەبوونی پارێزگارەكان، بۆ تاوتوێكردنی بودجەی پارێزگاكان لە چوارچێوەی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی، كە لە پلاندایە لە چەند ماوەی داهاتوودا پەسەند بكرێت.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: لە میانەی كۆبوونەوەكەدا باسیان لە تێبینییەكانی دیوانی چاودێری دارایی كرد سەبارەت بە جێبەجێكردنی یاسای پاڵپشتی فریاگوزاری لەلایەن پارێزگارەكانەوە، هەروەها ئەو ئاستەنگانەی بەردەم سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكانی شارەكان، هەروەها گوێگرتن لە داواكارییەكانیان كە لە دەوری قەبارەی تەرخانكردنەكان و پێویستی زیادكردنیان دەسوڕێنەوە، و بەشداری نەكردنی پارێزگارەكان لە دیاریكردنی سەقفی ئەو پارەیەی ساڵانەی كە لە چوارچێوەی بودجەدا تەرخاندەكرێت، ئەمە جگە لە میكانیزمەكانی ئەژماركردنی داهاتی پترۆدۆلار، و ئەگەری ئەنجامدانی گواستنەوە لە نێوان پڕۆژەكان و تەرخانكردنی فەرمانگە فیدراڵیەكان.
بەپێی بەیاننامەكە، مەندالاوی رێنمایی كردووە، بۆ ئەو لیژنانەی پەیوەندیدارن بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی ئیدارەی پارێزگاكان بۆ ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی كە لە بودجەدا تەرخانكراون، داوای لە پارێزگارەكان كردووە كە پاڵپشتی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن بكەن بۆ خێراكردن و تەواوكردنی پڕۆژەكان و دەستپێكردنی جێبەجێكردنی ئەوانەی دواكەوتوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، قۆناغی ئێستا پێویستی بە ئیدارەیەكی چالاك و بوێر هەیە كە توانای كورتكردنەوەی كات و بەدەر لە ڕۆتینی هەبێت بۆ پێشخستنی واقیعی ئێستا.