بەغداد - INA
دەستەی كەشناسی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێشبینییەكانی خۆی سەبارەت بە كەشوهەوای مانگی ئایار و ئەگەری دابەزینی پلەكانی گەرما بەراورد بە ساڵی ڕابردوو خستەڕوو.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەكە عامر جابری بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: سەبارەت بە كەشوهەوای وڵات، لە كۆتایی ساڵی ڕابردووەوە تا سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ، جیاوازی هەبووە لەگەڵ دوو ساڵی ڕابردوو، بەو پێیەی پێشتر كەمی باران و وشكەساڵی هەبووە كە بووە هۆی شیبونەوەی خاك كە یارمەتی بەرزبوونەوەی تۆزی دا.
ئاماژەی بەوەشكرد: لەم وەرزەدا هیوای باشی هەیە بەو پێیەی بارانبارین پێشوەختە بووە و لە 22ی تشرینی یەكەمی ڕابردووەوە دەستیپێكردووە، كە پێشبینیشمان دەكرد لە مانگی تشرینی دووەم دەستپێبكات، ئەنجامەكانیش باش بوون، سەبارەت بە مانگی نیسان و مانگەكانی پێشووتری ئەمساڵ ڕێژەی بارانبارین باش بوو، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبارەكان و بەنداوەكان و پتەوبوونی خاك.
سەبارەت بە چاوەڕوانییەكانی مانگی ئایاری ئەمساڵ، جابری ڕوونیكردەوە،: پێشبینییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە كەش و هەوا هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو دەبێت، و پێمان وایە ئەم وەرزە لە دۆخی گشتی نزیك دەبێتەوە، ڕەنگە جیاوازییەكی كەم لە هەمان وەرزی ساڵی ڕابردوودا هەبێت.
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا وتی: هەموو وڵاتانی جیهان كاریگەری گەرمبوونی جیهان و بیابانبوونیان لەسەرە، پێشبینیش ناكرێت پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزینیان هەبێت و پێشبینیش دەكەین لە مەودای ئاساییدا بێت.
جابری ئاماژەی بەوەشكرد: بەشی پێشبینی كەشوهەوا ڕۆژانە هەواڵی كەشوهەوا بڵاودەكاتەوە كە بارودۆخی كەشوهەوای چاوەڕوانكراو بۆ ماوەی 5 ڕۆژ دەخاتەڕوو، هەروەها لە ئەگەری دروستبوونی حاڵەتی ناسەقامگیری لە بەرگەهەوادا هەر 12 كاتژمێر جارێك نوێكارییەكان بەدەستدەهێنرێت.