بەغداد - INA
جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، موحسین مەندەلاوی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، داوایكرد لە پلانی كاركردنی حكومەتدا ئەولەویەت بدرێت بە دۆسیەكانی ئاو و كشتوكاڵ.
مەندەلاوی لە نوسینگەی خۆی لە میانی پێشوازیدا لە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بێگەرد تاڵەبانی و شاندی یاوەری، بە ئامادەبوونی سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاو و زۆنگاوەكانی پەرلەمان فالح خەزعەلی، بەگوێرەی بەیاننامەی نوسینگەكەی كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، رایگەیاند: پێویستە لە پلانی كاركردنی حكومەتدا دۆسییەكانی ئاو و كشتووكاڵ ئەولەویەتیان پێبدرێت ، وتیشی: ئەنجومەنی نوێنەران سورە لەسەر پەسەندكردنی ئەو یاسایانەی كە بەشداری دەكەن لە چاكسازی لە كەرتی كشتوكاڵ و پاڵپشتیكردنی جووتیاران، لەوانەش هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنانی كشتوكاڵی و یاسای وەزارەتی كشتوكاڵ.
مەندەلاوی، بەپێی بەیاننامەكە، پشتیوانی پەرلەمانی بۆ دەستپێشخەری دیدگای هەمەلایەنەی حكومەت بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ دەربڕیوە.
بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: لە میانەی كۆبوونەوەكەدا باسیان لە دۆسیەی ئاو و نۆژەنكردنەوەی بەنداوەكان و پلانی كشتوكاڵی فیدراڵی و كێشەی جووتیاران كرد، هەروەها بانگەوازی بەشداریكردنی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بۆ ئامادەكردنی ڕەشنوسی یاساكانی پەیوەست بە كەرتی كشتوكاڵ، ئەوە جگە لە كاراكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان هەردوو وەزارەت، و كاركردن بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتێكی گەورە بۆ بوژاندنەوەی ناوچە كشتوكاڵی و نیمچە بیابانییەكان و دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی بەنداوەكان.