بەغداد - INA
وتەبێژی حكومەت باسم عەوادی، ئەمڕۆ چوارشەممە، تەئكیدیكردەوە: حكومەت بەرەو بە تایبەتیكردنی كەرتە گشتییەكان بە تەواوی هەنگاو نانێت، و وتیشی: ڕێبازی حكومەت پشتگیریكردنە لە كەرتی تایبەت بۆ ئەوەی هاوبەشێكی ڕاستەقینە بێت بۆ كەرتی گشتی، و پەسەندكردنی بەم ئاراستەیەشی ڕوونكردەوە.
عەوادی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران جەختیكردەوە كە حكومەت بەرەو بە تایبەتیكردنی تەواوی كەرتە گشتییەكانی وڵات هەنگاو نانێت، وتیشی: بە تایبەتیكردن لە رووی ئابورییەوە بە واتای گواستنەوەی خاوەندارێتی گشتی یان سپاردنی بەڕێوەبردنەكەی دێت بە كەرتی تایبەت.
رونیشیكردەوە: بەتایبەتیكردن دوو ڕێگای دەوێت، یەكەمیان فرۆشتنی سەرمایەی دەوڵەتییە بە كەرتی تایبەت، دووەمیان دەوڵەت واز لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بهێنێت كە پێشتر ڕاستەوخۆ ئەنجامی دەدا و پشت بەكەرتی تایبەت ببەستێت بۆ پێشكەشكردنی ئەو خزمەتگوزارییانە.
ناوبراو درێژەی بە قسەكانی دا و وتی: ڕێبازی حكومەت پاڵپشتیە لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانی دەوڵەت و پاراستنی، لە قۆناغی ئێستادا جۆرەها پاڵپشتی كە پێشكەش بە كەرتی گشتی دەكرێت كە خەڵك پشتی پێ دەبەستن و ئەمەش بۆ كەرتە جیاوازەكان دەگونجێت بەبێ جیاوازی.
ئاماژەی بەوەشكرد: رێبازی حكومەت و پشتگیرییەكانی تەئكید لە پشتیوانی كەرتی تایبەت دەكات بۆ ئەوەی هاوبەشێكی ڕاستەقینە بێت بۆ كەرتی گشتی، و بۆ دابینكردنی زەمینەی یاسایی و جۆرە جیاوازەكانی پشتیوانی بۆ ئەوەی بتوانێت بەرزترین ئاستی خۆی وەربگرێت لە كار و پێشخستنی واقیعی ئابووریدا.
پێشتریش محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران لە میانی وتارەكەیدا لە كۆنفرانسی وەبەرهێنانی كانزاو پترۆكیمیایی و دەرفەتەكانی وەبەرهێنان تەئكیدیكردەوە: كە حكومەت پەنا بۆ پڕۆسەی تایبەتیكردن نابات كە كاریگەری كۆمەڵایەتی و سیاسی بەدوای خۆیدا بهێنێت.