بەغداد - INA
قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ تۆماس روی كامپ ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی ئەڵمانیا باسیان لە هاوكاری نێوان عێراق و ئەڵمانیا كرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەعرەجی ئەمڕۆ لە ئۆفیسەكەی خۆی، پێشوازی لە تۆماس روی كامپ ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد و لە دیدارێكدا پێداچوونەوەیان بە چوارچێوەكانی هاوكاری و دۆستایەتی نێوان عێراق و ئەڵمانیا، و ڕێگاكانی پەرەپێدانیان كرد، بە شێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردوو وڵات بكات، و هاوبەشی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئامۆژگاری بەرز بكاتەوە.
هەر بەپێی بەیاننامەكە، ئەعرەجی دڵنیایی داوەتە ئەو پەرلەمانتارە ئەڵمانییە، كە عێراق پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو لایەك دەپارێزێت، هەروەها ڕۆڵی ئەو وڵاتانە بەرزدەنرخێنێت كە پاڵپشتی عێراقیان كردووە و پشتیوانیان لێكردووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر گرنگی هاوكاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چارەسەركردنی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان، لە ڕێگەی دیپلۆماسی و پەسەندكردنی پرەنسیپی گفتوگۆ.