بەغداد - INA
وەزیری تەندروستی ساڵح حەسناوی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی سەبارەت بە دەرمان ئاشكراكرد، هاوكات جددیەتی وەزارەتەكەی دووپاتكردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی پرسی قاچاخچێتی و لێپرسینەوە لەگەڵ هەر كەسێك كە مامەڵەی لەگەڵ دەكات.
حەسناوی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپاردەكانی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی دەرمان لە كەرتی تایبەت پەسەند كرد.
ئاماژەی بەوەشكرد: ماوەیەك دیاریكراوە بۆ هەموو ئەو دەرمانانەی كە دێنە ژوورەوە بەبێ هیچ پشكنین و تۆماركردنێك تاوەكو 15ی ئایار ڕێكارەكانی پشكنین ئەنجامبدەن، و لە ئەگەری ئەنجامنەدانی پشكنین یان تۆماركردن لە ماوەی مانگێكدا لەناودەبرێن.
راشیگەیاند: ئەو كەرەستانەی بە پشكنینی هەرێمی كوردستاندا هاتووە دەبێت مۆڵەتی وەزارەتی تەندروستی عێراق و وەزارەتی بازرگانیان بۆ دەربكرێت، وتیشی: ئەو كەرەستانەی كە مۆڵەتی بەغدا و تاقیكردنەوەی كوردستانیان لەسەرە یاسایین و بەر هیچ كێشەیەكی یاسایی ناكەوێت.
جەختیشیكردەوە: وەزارەت لەسەدا سەد جدییە لە بەرەنگاربوونەوەی پرسی قاچاخچێتی و لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانەی مامەڵەی لەگەڵ دەكەن بە توندترین سزای یاسایی.