قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی باڵای حکومەتی ئەڵمانیا کۆبووەوە

سیاسی
  • 3-05-2023, 16:30
  • +A -A

    هەولێر/INA
    قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەفدێکی باڵای حکومەتی ئەڵمانیا کە پێکهاتبوو لە یۆخن فلاسبارس وەزیری دەوڵەت بۆ هاریکاری ئابوری و گەشەپێدان و ڤێرنەر گاتزەر وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دارایی کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێکی پرسی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕایگەیاندووە،لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە 3ی ئایاری 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا هەر یەکە لە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و کونسوڵی ئەو وڵاتە لە هەرێم و دابان شەدەڵە ئامادەی بوون، جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی ئەڵمانیای کرد لە بواری چاکسازیدا لە هەرێمی کوردستان و رۆڵی ئاژانسەکانی پەرەپێدانی ئەو وڵاتەشی لە کوردستان بەرز نرخاند. داواشیکرد هاوکارییەکانی ئەڵمانیا لە بوارە جیاوازەکاندا بەردەوام بێت و وەفدەکەی حکومەتی ئەڵمانیا لەمبارەیەوە جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامبوونی هاوکارییەکان.
    لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە بە زوویی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و نابێت رێگە بدرێت پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێم پاشەکشە بکات.

    لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی شەنگال کرا. وەفدەکەی حکومەتی ئەڵمانیا داوایکرد بە زوویی دۆخی شەنگال ئاسایی بکرێتەوە و ئاوارەکان بگەڕێندرێنەوە ناوچەکانی خۆیان و لە رووی ئابوری و ئاوەدانییەوە گرنگی بە ناوچەی شەنگال بدرێت.
    لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە ئێزیدییەکان پێکهاتەیەکی گرنگ و رەسەنی کوردستان و عێراقن، وتیشی "بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال پێویستە لەسەرەتادا ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە دابین بکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بۆ ئەمەش گرنگە هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش خواست و بۆچوونی دانیشتوانی شەنگال بە گرنگ وەربگرن و نوێنەران و خەڵکی ناوچەکە بەشدار بکرێن لە ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچەکەی خۆیان".
    لە تەورەێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: بە درێژایی ساڵانی رابردوو بە داخەوە ئەمە یەکەمجارە کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان دەهێنرێتە ناو حکومەتەوە و هیوای خواست ئەم کێشانە بە زوویی چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم بتوانێت بە دوور لە ململانێی سیاسی و حیزبی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاوڵاتیان و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بکات. 
    پرسی ژینگە تەورەێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند: عێراق و کوردستان قوربانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوان و بە پێویستی زانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی بە پلانی هاوبەش رووبەڕووی کاریگەرییە خراپە پێشبینیکراوەکانی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان ببنەوە، داواشیکرد؛ حکومەتی ئەڵمانیا و وڵاتانی دۆست لەمبارەیەوە هاوکاری عێراق و کوردستان بکەن.
    بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی لە عێراق، قوباد تاڵەبانی ستایشی رۆڵی باڵیۆزی ئەڵمانیای کرد لە بەغدا کە لەماوەی کارکردنیدا جێدەستی دیاربووە لە هێورکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان و هیوای خواست لە ئەرکی داهاتوویدا سەرکەوتووبێت.