بەغداد - INA
دەستەی دەروازە سنوورییەكان، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستبەسەرداگرتنی بارهەڵگرێكی پڕ لە پێداویستی پزیشكی و دەرمان و گیادەرمانی و جوانكاری، پێچەوانەی مەرج و رێنماییەكانی هاوردەكردن لە مەرزی زرباتیە ڕاگەیاند.
وتەبێژی دەستەكە عەلائەدین قەیسی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی سنوری زرباتیە، بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی دەستی كەوتووە توانی دەست بەسەر بارهەڵگرێكدا بگرێت كە پڕ بوو لە (پێداویستی پزیشكی، دەرمان، گیادەرمانی، هەنگوین، تام، ڕەنگی خۆراك، تووتنی خاو، جوانكاری، كیسی نایلۆن و فڵچە) كە پێچەوانەی مەرج و رێنماییەكای هاوردەكردن بووە.
ئاماژەی بەوەشكرد: لیژنەیەك لە لایەنە پەیوەندیدارەكان پێكهێنرا و ڕاپۆرتی فەرمی دەستبەسەرداگرتن ڕێكخرا و هەروەها كەرەستەكان ڕەوانەی بنكەی پۆلیسی گومرگی زرباتیە كرا بۆ ئەوەی بابەتەكە بخاتە بەردەست دادوەری لێكۆڵینەوە بۆ گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی گونجاو.