پەخشان زەنگەنە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای خانمان لەمەراسیمی دەستپێكردنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەهەولێر رایگەیاند، پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە 16 یاسای عێراقی لەبەرژەوەندی مافەكانی ژنان هەمواركردەوە، كە گرنگترینیان یاسای باری كەسێتیو سزادانی عێراقی بووە. وتیشی "هەروەها پەرلەمان سێ یاسای گرنگی بۆ پاراستنی مافی ژنان دەركردووە، لەوانە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی، یاسای هەڵبژاردن كەرێژەی بەشداربوونی ژنانی بەشێوەیەكی باش دیاریكردووە، لەگەڵ یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی". پەخشان زەنگەنە باسی لەوەشكرد، سێ دادگای تایبەت بەتوندوتیژی خێزانی لەهەرێمی كوردستان بونیان هەیە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەت لەوەزارەتی ناوخۆ هەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان. سەبارەت بەپرسی خوێندنی كچان لەهەرێمی كوردستان، زەنگەنە وتی "ژمارەی كچان و كوڕان لەقۆناغەكانی خوێندن نزیكن لەیەكەوە".