بەغداد - INA
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ هەینی، دیارترین دۆسیەكانی دیاریكرد كە لە دانیشتنی سبەینێی ڕۆژی شەممەدا لەگەڵ سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، و هاوكات رێوشوێنی 3 هەمواركردنی نوێی لە بودجەی ساڵی 2023 ئاشكراكرد.
ئەندامی لیژنەكە موعین كازمی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 بە 199 ترلیۆن خەمڵێنراوە، لەگەڵ كورتهێنانی دارایی 64 ترلیۆن، وتیشی: داهاتی عێراق دەگاتە 134 ترلیۆن، كە 117یان لە داهاتی نەوت و 17 ترلیۆنیان لە سەرچاوە نانەوتییەكانەوەن.
ئاشكراشیكرد: تێبینییەكانی لیژنەی دارایی لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە بریتییە لە چارەسەركردنی كورتهێنان بە كەمكردنەوەی بودجەی كارپێكردن لەگەڵ ئەگەری گۆڕانكاری لە بودجەی وەبەرهێنان بەتایبەتی لە دۆسیەی تەرخانكردنی پارێزگاكاندا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە ژمارەی تەرخانكراو بۆ پەرەپێدانی هەرێمەكان كەمە بۆیە دەكرێت پارە لە هەندێك وەزارەتەوە بگوازرێتەوە بۆ پارێزگاكان.
ئاماژەی بەوەشكرد:ئەگەری كەمكردنەوەی قەبارەی قەرزكردنی دەرەكی هەیە، كە گەیشتە نزیكەی 9 ترلیۆن قەرز لە بودجەدا بۆ ئەوەی خۆی بەدووربگرێت لەوەی بارگرانییەكی دارایی گەورەی لەسەر خەڵكی عێراق و بودجە هەبێت.
رونیشیكردەوە: لیژنەی دارایی خوێندنەوە و گفتوگۆكردنی لەسەر 67 ماددەی یاسای بودجە تەواو كردووە و وتیشی: ئەندامانی لیژنەكە كاردەكەن بۆ دانانی تێبینی بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی و خوێندنەوەی لەژێر قوبەی پەرلەمان.
هەروەها كازمی پێشبینی كرد ڕاستەوخۆ دوای جەژنی قوربان خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە بكرێت، رونیشیكردەوە: كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی لەگەڵ سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی ڕۆژی شەممەی داهاتوو گفتوگۆ لەسەر مامەڵەكردن لەگەڵ كورتهێنانی دارایی لە بودجەدا دەكات، هەروەها زیادكردنی پشتیوانی بۆ پارێزگاكان و كەمكردنەوەی قەرزی دەرەكی و دۆسیەی ئامادەكردنی بودجەی سێ ساڵ.