بەغداد - INA
پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقی عەلی موحسین ئیسماعیل ئەمڕۆ هەینی، تەئكیدی لە بوونی بەرنامەیەك بۆ دووبارە پێكهێنانەوەی بانكە حكومییەكان كردەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی بانكی ناوەندی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: پارێزگاری بانكی ناوەندی عەلی موحسین ئیسماعیل لە میانەی بەشداریكردنی وەفدێكی عێراقی لە كۆبوونەوەكانی بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن دی سی ئاماژەی بەوەدا كە سەرمایەی بانكە حكومییەكان زیاتر لە ۸۰٪ی كەرتی بانكی عێراق پێكدەهێنن.
ئاشكراشیكرد: بانكی ناوەندی بەرنامەیەكی هەیە بۆ دووبارە پێكهێنانەوەی بانكە حكومییەكان و چەندین ساڵە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان وەك بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی كاری لەسەر دەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد: هەماهەنگی لە نێوان حكومەتی عێراق و بانكی ناوەندیدا هەیە لە پرۆسەی چاكسازی لە كەرتی بانكیدا.
راشیگەیاند:چەندین ئەگەری پەیوەندیدار بە دووبارە پێكهێنانەوەی بانكە حكومییەكان هەیە، چونكە ئەو ئەگەرانە پشت دەبەستن بە ئەنجامەكانی شیكردنەوەی بەیاننامە داراییەكانی هەندێك لە بانكەكان كە كێشەی حسابی كۆتاییان هەیە.
رونیشیكردەوە: هەموو ئەگەرەكان لە یەكخستن و دەستكەوتندا هەن و هەر هاوكێشەیەك بەسوود بێت ئێمە لێكۆڵینەوە لەگەڵ لایەنی تایبەتمەند و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەین كە ئەزموونی درێژیان هەیە لەم بوارەدا.
هەروەها بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكردووە: كە عەلاق چەندین كۆبوونەوەی دوو قۆڵی ئەنجامداوە لە پەراوێزی بەشداریكردنی وەفدی عێراقی لە كۆبوونەوەكانی بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی كە لە واشنتۆن بەڕێوەچوو.