بەغداد - INA
دەستەی دەستپاكی فیدڕاڵی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند: 11 تۆمەتبار دەستگیركراون كە بە شێوەی نایاسایی پارەیان لە خاوەن ئۆتۆمبێلەكان وەرگرتووە.
فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، رایگەیاند: كارمەندانی دەستەی دەستپاكی فیدراڵی دوو ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامدا لەسەر ئەو ڕێگایەی كە بەغدا و سەلاحەدین بەیەكەوە دەبەستێتەوە و و (11) تۆمەتباری سەر بە چەند لایەنێك لە پارێزگاكە دەستگیركران.
رونیشیكردەوە: تیمێك لە بەڕێوەبەرایەتی لێكۆڵینەوەی دەستەكە لە بەغدا توانیویانە بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردنی یاسا فەرمانی دەستگیركردن جێبەجێ بكەن كە لەلایەن دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی دووەمی كەرخەوە دەرچووە دژی دوو تۆمەتبار كە لە یەكێك لە دەزگا ئەمنییەكاندا كاردەكەن، لە یەكێك لە خاڵەكانی پشكنین لەسەر ئەو ڕێگایەی كە بەغدای پایتەخت و پارێزگای سەلاحەدین بەیەكەوە دەبەستێتەوە، بەگوێرەی حوكمەكانی بڕیاری 160ی ساڵی 1983.
ئاماژەی بەوەشكرد: تیمەكە توانیویەتی (5) تۆمەتباری دیكە دەستگیر بكات، كە دوو لەوانە دەڵێن بە گرێبەست لە نوسینگەی پارێزگای سەلاحەدین كار دەكەن، ئەوان دەستیان هەبووە لە وەرگرتنی بڕێك پارە لە خاوەنی ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەكان و سێ كەسەكەی دیكە بەستراونەتەوە بە ئەندامانی "تاوانی ئابووری"، بەبێ ئەوەی هیچ ناونیشانێكی كاریان هەبێت.
جەختیشیكردەوە: تیمێك لە نووسینگەی لێكۆڵینەوەی دەستەكە لە سەلاحەدین توانیویانە ئۆپەراسیۆنێك ئەنجام بدەن لەسەر بنەمای یاداشتنامەیەك كە لەلایەن دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی پارێزگاكەوە دەرچووە و توانای هەیە كەیسەكانی دەستپاكی ببینێت، لەو ماوەیەدا (4) تۆمەتبار لە خاڵەكانی پشكنینی ئیمامەكانی ڕۆژئاوا دەستگیركران، كە هەڵساون بە وەرگرتنی پارە لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان، هەروەها هەردوو ئۆپەراسیۆنەكە بوونەتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی بڕی (12،000،000) دوازدە ملیۆن دیناری تۆمەتبارەكان، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی دەیان پەرتوك و پسوڵەی ژمێریاری بەتاڵ و مۆری ڕەنگاورەنگ و جیاواز.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە: 11 تۆمەتبارەكە براونەتە بەردەم دادوەرانی لێكۆڵینەوە بۆ تەواوكردنی ڕێوشوێنە یاساییە پێویستەكان، لە كاتێكدا چوار تۆمەتبارەكە كە لە ئۆپەراسیۆنی دووەمدا دەستگیركراون لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدان.