بەغداد - INA
لیژنەی دارایی پەرلەمان ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەئكیدیكردەوە: كۆبوونەوەو دیدارەكان بەردەوامن بۆ نوسینی ڕاپۆرتی بودجە پێش ئەوەی پێشكەشی خوێندنەوەی دووەمی بكرێت، رونیشیكردەوە: پێوەری نوێی مووچە هێشتا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.
ئەندامی لیژنەی دارایی مستەفا كرعاوی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: دوای تەواوكردنی خوێندنەوەی یەكەمی یاسای بودجە، لیژنەی دارایی دەستی كرد بە ئەنجامدانی كۆبوونەوەكانی بۆ تەواوبوونی نووسینەوەی ڕاپۆرتی بودجە و لەخۆگرتنی بۆ خوێندنەوەی دووەم.
ئاماژەی بەوەشكرد: لیژنەكە میكانیزمێك جێبەجێ دەكات بۆ كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجە بە وردی لێكۆڵینەوە لە بودجەكە و كاركردن بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان لە بودجەی كارپێكردن و وەبەرهێنان، لە كاتێكدا لێكۆڵینەوە لە قەبارەی ئەو قەرز و خەرجیانە دەكات كە لەم بەشەدا جێگیركراون.
رونیشیكردەوە: لێكۆڵینەوەی بودجە پەیوەندی بە هەژماركردنی داهاتی نەوت و نا نەوتیشەوە هەیە و لەسەر ئەو بنەمایە كۆی داهاتەكان دیاری دەكرێت دوای ئەوەی بە وردی لێكۆڵینەوە لە بابەتەكان دەكرێت.
وتیشی: لیژنەكە ناچارە هەوڵەكانی خێراتر و چڕتر بكاتەوە بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی بودجە پێشكەش بكات و تێبینییەكان ئامادە بكات و بە زووترین كات پێشكەشی پەرلەمان بكات، كە چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
ئاشكراشیكرد: كێشەی پێوەری مووچە لە دەرەوەی بودجەیە و هێشتا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، چونكە كێشەكە پەیوەندی بە لیژنەیەكی تایبەتەوە هەیە كە بە فەرمانی دیوانی ژمارە 24 پێكهاتووە بۆ لێكۆڵینەوە و دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی قەبارەی مووچە و دابەشكردنی ئەو بڕە پارەیەی لە ساڵی داراییدا خەرج دەكرێت.