بەغداد - INA
وەزیری كۆچ و كۆچبەران ئیڤان فایق جابرۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەئكیدیكردەوە: كە سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی 50 ملیار دیناری بۆ ئاوەدانكردنەوەی شەنگال تەرخانكردووە، و ئاماژەی بەوەشكرد: گەڕانەوەی ئاوارەكان لە باكووری عێراقەوە پرسێكی پەیوەندیدارە بە هەرێمی كوردستان و ئاوەدانكردنەوەی شنگال.
جابرۆ لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند: نزیكەی 40 هەزار ئاوارە لە كەمپەكانی باكوری عێراقن، ئاماژەی بەوەشكرد: پارێزگاكانی دیكە كەمپیان نییە، جگە لە ناوەندی چاككردنەوەی دەروونی لە موسڵ، كە قۆناغێكی گواستنەوەیە بۆ هەر ئاوارەیەك كە لە كەمپی هۆلەوە دەگەڕێتەوە و لە ناوەندەكە چاكدەكرێتەوە وەك ئامادەكارییەك بۆ گەڕانەوەی بۆ ناوچەكەی خۆی.
رونیشیكردەوە: لە رووی ئیداریەوە وەزارەت پەیوەندیدار نیە بە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان ، بەڵام لایەنێكی پاڵپشتییە، چونكە بە كەرەستەی فریاگوزاری و یارمەتی پاڵپشتیان دەكات، ئاماژەی بەوەشكرد: بڕیاری گەڕاندنەوەی ئاوارەكان لە باكوری عێراق پەیوەستە بە هەرێمی كوردستان و هەروەها پەیوەستە بە دروستكردنەوە و بنیاتنانەوەی شەنگال.
ئاشكراشیكرد: كەمپی ئاوارەكان لە بزیبز هەڕەمەكییە، كە ئەنجامی سیاسەتەكانی ڕابردووە، لە كاتێكدا كەمپەكانی دیكە هەموویان لە باكوری عێراقن.
وتیشی: سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی 50 ملیار دیناری تەرخانكردووە بۆ بنیاتنانەوەی شەنگال، ئەمەش یەكەم هەنگاوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان.