نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ پاپاى ڤاتيكان كۆبووه‌وه‌

سیاسی
  • 13-04-2023, 13:54
  • +A -A

    هەولێر _INA

    به‌يانيى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2023/4/13 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له كۆشكى ئه‌پۆستۆليك له‌ ڤاتيكان له‌گه‌ڵ قه‌داسه‌تى پاپا فرانسيس كۆبووه‌وه‌.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕایگەیاندوە،له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى خۆشحاڵيى خۆى به‌ ديدار و بينينى قه‌داسه‌تى پاپا له‌ ته‌ندروستييه‌كى باشدا ده‌ربڕى و هيواى سه‌لامه‌تى و ته‌مه‌ندرێژى بۆ خواست، هه‌روه‌ها پوخته‌يه‌كى ده‌رباره‌ى دۆخى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ڕه‌وشى پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كان پێشكه‌ش كرد.
    به‌ڕێزيان ئاماژه‌ى به‌ گرنگى و كاريگه‌ريى سه‌ردانى قه‌داسه‌تى پاپا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ پارێزه‌رى ماف و ئازاديى پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كانه‌ و بۆ هه‌مووان به‌ نيشتمانى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى ده‌مێنيته‌وه‌.
    لاى خۆيه‌وه‌ قه‌داسه‌تى پاپا وێڕاى ده‌ربڕينى خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانه‌كه‌ و بينينه‌وه‌ى نێچيرڤان بارزانى، ستايشى كولتوورى پێكه‌وه‌ژيانى ئاشتيانه‌ و يه‌كترقبووڵكردنى له‌نێو پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كان كرد و جه‌ختى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ ئه‌و كولتووره‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق پارێزراو بێت‌، هه‌روه‌ها سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ يادێكى خۆش ناوه‌زه‌د كرد.
    له‌ كۆتاييدا  نێچيرڤان بارزانى تابلۆى هونه‌رمه‌ندێكى شێوه‌كارى كوردى پێشكه‌ش به‌ قه‌داسه‌تى پاپا كرد كه‌ ده‌ربڕى پێكه‌وه‌ژيان بوو له‌نێو پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا.