بەغداد - INA
وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستپێكردنی مووچەی چاودێرانی كۆمەڵایەتی بۆ مانگی نیسان ڕاگەیاند.
وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە مانگی نیساندا بۆ زیاتر لە ملیۆنێك و 690 هەزار خێزان هاوكارییە كۆمەڵایەتییەكانی دەستپێكردووە و كۆی گشتی یارمەتیەكانیان زیاتر لە 366 ملیار دینارە و داوا لە خێزانەكان دەكات بچن بۆ ئۆفیسی ئاڵوگۆڕەكان بۆ وەرگرتنی یارمەتیەكانیان.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە ئەحمەد موسەوی، سەرۆكی دەستەی پاراستنی كۆمەڵایەتی، ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە: ژمارەی ئەو خێزانە ڕووماڵكراوانەی كە پیاوان سەرۆكایەتیان دەكات گەیشتوەتە زیاتر لە ملیۆنێك و 222 هەزار خێزان و كۆی یارمەتیەكانیان دەگاتە بڕی زیاتر لە 296 ملیار دینار، هاوكات ژمارەی ئەو خێزانانەی كە ژنان سەرۆكایەتیان دەكات گەیشتوەتە زیاتر لە 467 هەزار و كۆی یارمەتیەكانیان دەگاتە زیاتر لە 70 ملیار دینار.