بەغداد - INA
وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، تۆماركردنی زیاتر لە 25 هەزار بێكار و 150 كۆمپانیای لە پلاتفۆرمی "میهن" ڕاگەیاند.
نەجم عەقابی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتەكە بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: دوابەدوای بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕێكخستنی هاتنەناوەی كرێكارانی بیانی بۆ عێراق و چارەسەركردنی ئەو كارە نایاساییانەی كە لە وڵاتدا هەیە، وەزارەتەكە بەردەوام دەبێت لە ڕێكخستنی هاتنەناوەوەی كرێكاران بەپێی ماددەی 5ی یاسای كار ژمارە 37ی ساڵی 2015 كە خاوەنكارانی قەدەغەكرد لە دامەزراندنی ئەو كرێكارانە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لەوەزارەتی كار.
ئاشكراشیكرد: وەزارەتەكە لەڕێگەی ئەو پرۆژانەی پێشكەشیكراون لەسەدا 50ی كاری ناوخۆیی و بیانی جێبەجێ دەكات،و وتیشی: بڕیاری ئەم دواییەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ چارەسەكردنی بارودۆخی كرێكارانی نایاسایی بەردەست چەند یاسایەكی سەپاندووە لەوانە لە بەرامبەر هەر كرێكارێكی بیانی دەبێت كرێكارێكی تری عێراقی هەبێت.
رونیشیكردەوە: وەزارەتەكە بەردەوام دەبێت لە وەرگرتنی داواكاری بۆ دامەزراندنی كرێكارانی بیانی لە ڕێگەی لینكی ئەلكترۆنییەوە، ئاماژەی بەوەشدا: كە لەماوەی 45 ڕۆژدا هەڵمەتێكی پشكنین بۆ وەزارەتی ناوخۆو وەزارەتی كار ئەنجام دەدرێت بۆ دەستگیركردنی سەرجەمی كرێكارە بیانیە نایاساییەكان.
سەبارەت بە پلاتفۆڕمی "میهن" عەقابی گوتی: وەزارەت لە یەكەم مانگی ئازارەوە دەستی بە پلاتفۆرمی میهن كردووە و بەردەوامە لە وەرگرتنی داواكارییەكان، ئاماژەی بەوەشدا: زیاتر لە 25 هەزار كەسی بێكار لەسەر ئەم پلاتفۆرمە تۆماركراون، لەكاتێكدا ئەوانەی پێشتر لە ساڵی 2003ەوە ناویان تۆماركراوە هەموو ناوەكانیان بەرزكراوەتەوە بۆ ئەم پلاتفۆرمە، جەختیشیكردەوە: كە داواكارییەكی زۆر هەیە لەلایەن كۆمپانیاكانەوە بۆ ئەوەی بچنە ناو ئەو پلاتفۆرمەوە و تا ئێستا زیاتر لە 150 كۆمپانیا تۆماركراون، ڕونیشیكردەوە: ئامانجی ئەم پلاتفۆرمە ئەوەیە كە خاوەن كارەكان و بێكاران ڕاستەوخۆ بەیەكەوە ببەستنەوە.