بەغداد - INA
ئەیاد موحسین زەمەد جێگری سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ڕەسافە و دادوەری یەكەم لەدادگای لێكۆڵینەوەی سپیكردنەوەی پارە و روبەروبونەوەی گەندەڵی ئەمرۆ چوارشەممە، میكانیزمی چاودێریكردنی دامەزراوە داراییەكان و چالاكییەكانی كڕیارەكانی ڕوونكردەوە.
ئەیاد موحسین زەمەد لە چاوپێكەوتنێكدا كە ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڵاویكردوەتەوەو ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ كردووە، دەڵێت: عێراق وەك وڵاتانی تر مەحكومە بە كۆمەڵێك پەیماننامە و ڕێسای نێودەوڵەتی و پێداویستی و مەرجی سەپێندراوی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، وتیشی: لەحاڵەتی پابەندنەبوون و جێبەجێكردنی ئەو مەرج و پێداویستیانە هەر وڵاتێكی سەرپێچیكار لەناو لیستی وڵاتە پڕ مەترسیەكان (لیستی ڕەش)دا دەبێت.
ئەوەشی وت: دەوڵەتی عێراق یاسای 39ی ساڵی 2015ی دەركرد و لە نێو ئەو بڕگە یاساییانەی كە تێیدابوو ڕێكاری توندی تێدایە لەسەر دامەزراوە داراییەكان، لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ كڕیاردا پێویستە لەبارەی ئەو چالاكییە داراییە یاساییانەی كە لەلایەن كڕیار و بڕی داهاتی مانگانە و ساڵانەوە پەیڕەو دەكرێن ڕوونبكرێتەوە و بۆیە هەر مامەڵەیەكی دارایی كە لەلایەن ئەو كڕیارەوە دەردەكرێت یان ئەنجام بدرێت لەلایەن سەرپەرشتیاری داراییەوە ئاگاداربن.
رونیشیكردەوە: لەحاڵەتێكدا كە دامەزراوەی دارایی بۆی دەردەكەوێت كە گومان هەیە، ڕاپۆرتێك پێشكەش بە فەرمانگەی روبەروبونەوەی سپیكردنەوەی پارە لە بانكی ناوەندی عێراق دەكات، كە ئەمەش لە بەرامبەردا سكاڵایەكی تاوانكاری لەگەڵ دادگای گشتی و دادوەری لێكۆڵینەوە دەست پێ دەكات.
ئاماژەی بەوەشدا: عێراق تیمێكی نیشتمانی پێكهێناوە كە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە سەرپەرشتی دەكرێت، ئەوە جگە لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەشدارییەكی نیشتمانی چالاك و بەرچاوی هەبووە بۆ پابەندبوونی عێراق بە ڕاسپاردەكانی ڕێكخراوی جیهانی(FATF)كە پەیوەندی بە روبەروبونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەدانی تیرۆریستانەوە هەیە.