وەزیری نەوت دەستپێكردنی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی عوكاز بە ڕێژەی 60 ملیۆن پێ‌ سێجا لە ڕۆژێكدا ڕادەگەیەنێت

ئابوری
  • 29-03-2023, 18:18
  • +A -A

    بەغداد - INA
    جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوت حەیان عەبدولغەنی، ئەمرۆ چوارشەممە دەستپێكردنی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی عوكاز بە ڕێژەی 60 ملیۆن پێ‌ سێجای قیاسی لە ڕۆژێكدا ڕایگەیاند.
    وەزارەتی نەوت لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: عەبدولغەنی لە بروسكەیەكدا بۆ سەرۆك وەزیران دووپاتیكردەوە كە ئەو هەوڵە نیشتمانیەی لەلایەن كۆمپانیای نەوتی ناوەراستەوە نوێنەرایەتی دەكرێت و لایەنە پشتیوانەكان توانیویانە غازی ئازاد لە چوار بیر لە كێڵگەی عوكازی غازی بەرهەمهێنان بكەن و ئەو چەند بڕەیەش بنێرن بۆ بەگەڕخستنی وێستگەی كارەبای غازی عوكاز بۆ بەرهەمهێنانی (90-95) مێگاوات كارەبا.
    عەبدولغەنی وتیشی: كۆمپانیای پرۆژە نەوتییەكان بۆرییەكی 30 كیلۆمەتری جێبەجێكردووە بۆ گواستنەوەی غاز لەڕێگەیەوە بۆ وێستگەی كارەبای غازی عوكاز.
    وەزیری نەوت جەختیشی لە گرنگی ئەو دەستكەوتە كردەوە كە بەهەوڵی نیشتمانی و توانا بەردەستەكان بەدەستهاتووەو وتیشی: لە گەڵ پلانەكانی وەزارەت و بەرنامەی حكومەتدا هاتووە.
    لای خۆیەوە بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری غاز باسم محەمەد خزەیر تەئكیدیكردەوە: كە تیمە تەكنیكی و ئەندازیاریەكان لەكۆمپانیای نەوتی ناوەراست دیزاینی پێویست بۆ ئاسانكاریەكانی وەبەرهێنانی غاز لەچوار بیری غازی ئازاد پەرەپێداوە، و ئاماژەی بەوەشدا: كە هەوڵی نیشتمانی لەوەزارەتی نەوت سەركەوتوو بوو لە بەرهەمهێنانی زیاتر لە (60) ملیۆن پی سێجای قیاسی غاز كە دەتوانرێت لەداهاتودا زیادبكرێت.
    هاوكات بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نەوتی ناوەراست قەدوری سەلیم تەئكیدیكردەوە: كە كۆمپانیاكە ڕۆژی سێشەممە دەستیكرد بە پەمپكردنی غاز بۆ وێستگەی كارەباری غازی عوكاز و دەستكرا بە بەرهەمهێنانی (90-95) مێگاوات و ستایشی هەوڵەكانی ئەو كرێكارانەشی كرد كە شەو و ڕۆژ بەردەوام بوون بۆ بەدەستهێنانی ئەو دەستكەوتە.