بەغداد - INA
عەباس جەبر عەلیاوەیی وەزیری كشتوكاڵ ئەمڕۆ پێنجشەممە، دیاریكردنی نرخی 850 هەزار دیناری بۆ هەر تۆنێك گەنم ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و ئامادەبوونی وەزیری كشتوكاڵ و وەزیرانی دارایی و بازرگانی و نوێنەرانی پاسەوانی سنوورەكان و ئاسایشی نیشتمانی و ئۆپراسیۆنەكان، كۆبونەوەیەك بۆ تاوتوێكردنی ڕێوشوێنەكانی وەرگرتن و بەبازاڕكردنی دانەوێڵەی گەنم بۆ وەرزی 2023 بەڕێوەچوو.
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی كشتوكاڵ كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، عەلیاوەیی رایگەیاند: نرخی وەرگرتنی گەنم بە هەشت سەدە و پەنجا هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك دانراو رێككەوتن كرا كە ئاسانكاری بۆ ڕێكارەكانی وەرگرتنی دانەوێڵەی گەنم لەلایەن عەمبار و دەروازەكانی وەزارەتی بازرگانییەوە بكرێت.
جەختیشیكردەوە: كە گەیاندنی ئەو بڕە پارەیە بۆ جووتیاران لەماوەیەكدا دەبێت كە دوو هەفتە لە بەرواری گەیاندنی بەروبوومەكە تێنەپەڕێت، وتیشی: لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیران بڕیارێك لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەردەكرێت بۆ ئەوەی ئەو جوتیارانە بگرێتەوە كە بەپشتیوانی حكومەت لەدەرەوەی پلانی كشتوكاڵین بۆ كڕینی گەنم و بەبازاڕكردن بۆ دەزگاكانی وەرگرتنی حكومەت.
وەزیری كشتوكاڵ ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئامادەكارییەكان بۆ وەرزی كشتوكاڵی هاوینە لە ئاستێكی بەرزدایە و پشتیوانی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ جوتیاران لە ماوەی داهاتوودا بە خێراییەكی زۆر بەردەوام دەبێت.