په‌یامی نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی جەژنی نەرورۆز وسەری ساڵی کوردی

سیاسی
  • 20-03-2023, 22:31
  • +A -A

    هەولێر _INA
    گه‌لى كورد و كوردستانييانى ئازيز له‌ كوردستان و له‌ هه‌ر كوێى جيهان بن،

    به‌ گه‌رمى و له‌ ناخمى دڵمه‌وه‌ جه‌ژنى نه‌ورۆز و سه‌رى ساڵى كوردى له‌ هه‌مووتان، له‌ خێزانى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان پيرۆز ده‌كه‌م. سڵاو ڕێز و خۆشه‌ويستيم بۆ يه‌ك به‌ يه‌كى دايكوباوك و هاوسه‌ر و منداڵان و خوشك و برايان و كه‌سوكارى شه‌هيدان. 
    پيرۆزبايى و سڵاو و ڕێزم بۆ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان، بۆ ئاسايش و پۆليس و دژه‌تيرۆر و ته‌واوى هێزه‌ ئه‌منييه‌كان كه‌ ئاسايش و ئاراميى كوردستان ده‌پارێزن. 
    پيرۆزبايى و سڵاو و ڕێزم بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى له ‌هه‌ر بوارێكى كار و فه‌رمانبه‌ريدا، خزمه‌ت ده‌كه‌ن. له‌ بنياتنان و به‌ره‌وپێشبردن و گه‌شانه‌وه‌ى كوردستاندا، به‌شدار و هاوبه‌شن. 
    نه‌ورۆز، جه‌ژنى پيرۆزى نه‌ته‌وه‌ييى كورده‌. جه‌ژنى سه‌ركه‌وتن و بڕوابه‌خۆبوون، شانازى و شكۆمه‌ندييه‌. هێماى هه‌ڵسانه‌وه‌ و ژيانه‌وه‌ى گيانى كوردايه‌تى و حه‌زى ژيان و مرۆڤدۆستيى كورد و ته‌واوى گه‌لى كوردستانه‌‌. نه‌ورۆزه‌ و له‌ گيان و خوێن و ناخ و ده‌روونى هه‌موو كوردێكدا، خولياى ڕزگارى، ئازادى، ژيانێكى سه‌رفراز، گه‌شبوونه‌وه‌ى هيوا و ئومێد بۆ داهاتوويه‌كى باشتر، نوێ ده‌بێته‌وه‌.
    ئاگرى نه‌ورۆز، ديسان وه‌ك هه‌ميشه‌ بڕوا و هێز و تينمان گڕده‌داته‌وه‌. بۆيه‌ كورد نه‌كه‌وتووه‌ و هه‌رگيز ناكه‌وێ، چونكه‌ هه‌موو سه‌ره‌تاى به‌هارێك، له‌گه‌ڵ يه‌كه‌م بڵێسه‌ى نه‌ورۆزدا، گيانى به‌رخودان و ئازادى و سه‌رفرازى له‌ هه‌موو كوردێكدا زيندوو ده‌بێته‌وه‌.
    ئازادى و ده‌ستكه‌وته‌كان، به‌رهه‌مى گيانى نه‌ورۆزييانه‌ى نه‌ته‌وه‌ى كورد و گه‌لى كوردستانن‌. به‌ گيان و خوێن و فرمێسك و ده‌يان ساڵى خه‌بات و به‌ره‌نگاريى تێكۆشه‌رانى كورد و كوردستانييان، به‌ده‌ست هاتوون. 
    هه‌موومان دوێنيى ژێرده‌ستى و سته‌مكاريمان له‌بيره‌. هه‌موومان گرتن و كوشتن و ڕاگواستن، سووتاندن و وێرانكردن و له‌ناوبردن، كيمياباران و ئه‌نفال و جينۆسايدمان له‌بيره‌ و هه‌رگيز له‌بيرمان ناچنه‌وه‌. به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌يانتوانى ئيراده‌ى كورد و گه‌لى كوردستان بۆ ژيان و ئازادى و سه‌رفرازى بشكێنن! چونكه‌ كورد له‌گه‌ڵ يه‌كه‌م گڕى هه‌موو نه‌ورۆزێكدا، دووباره‌ تێدهه‌ڵده‌چێته‌وه‌ و به‌گوڕتر ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.
    له‌ نه‌ورۆزدا ئيشق و خۆشه‌ويستيى كورد و گه‌لى كوردستان بۆ ئازادى، بۆ خاك و وڵاته‌كه‌ى، بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ى، له‌ دايك ده‌بێته‌وه‌. هه‌ر ئه‌وه‌يشه‌ نهێنيى مانه‌وه‌ و هه‌ستانه‌وه‌ى ئه‌م گه‌له‌ زيندووه‌، كه‌ به‌هێزترين سته‌مكار و چه‌كى سه‌رده‌م، نه‌يبه‌زاند و هه‌گيز نابه‌زێت.
    گه‌لى كورد و كوردستانييانى خۆشه‌ويست..
    با ‌نه‌ورۆز و به‌هارى نوێبوونه‌وه‌، له‌گه‌ڵ خۆمان، له‌گه‌ڵ خێزان و ماڵ و كه‌سوكار و هاوڕێيانماندا، بكه‌ينه‌ نوێنكردنه‌وه‌ى ڕێز و خۆشه‌ويستى و ڵێبوردن و ئاشتبوونه‌وه‌. 
    له‌سه‌ر ئاستى سياسيش، با نه‌ورۆز بكه‌ينه‌ ده‌رفه‌تێكى نوێ بۆ هاريكاريى هاوبه‌ش و يه‌كترقبووڵكردن و كارى پێكه‌وه‌يى. تاكو بتوانين له‌ هه‌رێمى كوردستان كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان تێپه‌ڕێنين، له‌گه‌ڵ به‌غداش پێكه‌وه‌ به‌ يه‌ك ده‌نگ و يه‌ك هه‌ڵوێست، به‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ين.
    هه‌ر له‌م بۆنه‌يه‌دا، داوا له‌ لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان ده‌كه‌م به‌ گيانێكى عێراقييانه‌ى نيشتمانى كه‌ حزب و نه‌ته‌وه‌ و ئايين و مه‌زهه‌ب تێپه‌ڕێنێت، هه‌موومان پێكه‌وه‌ بۆ عێراقێك كار بكه‌ين، وڵاتى هه‌موومان بێت. عێراقێك كه‌ ئارامى و سه‌قامگيرى و سه‌ر‌وه‌رى، ژيان و شكۆ و ئێستا و داهاتووى نه‌وه‌كانى، پارێزراو بێت. عێراقێك به‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ بتوانين بيكه‌ينه‌ نيشتمانێكى باشتر بۆ هه‌مووان. 
    له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق به‌ ئاراسته‌يه‌كى ڕاستدا ده‌ڕۆين‌‌. هه‌نگاوه‌كان مايه‌ى ئومێد و خۆشحاڵين. چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، دروستكردنه‌وه‌ى متمانه‌ و دڵنيايى له‌نێوان لايه‌ن و پێكهاته‌كاندا، عێراق ده‌كاته‌وه‌ به‌ وڵاتێكى به‌هێز و پارێزراوى ڕێزلێگيراو. هه‌رێمى كوردستان له‌ژێر ڕۆشناييى ده‌ستووردا ئاماده‌ى هه‌موو هاوكارييه‌كه‌ بۆ سه‌رخستنى كارنامه‌ى حكوومه‌ت و پرۆسه‌ى سياسى و بنه‌ماكانى ديموكراسى له‌ عێراق.
    كوردستانييانى خۆشه‌ويست،
    گه‌شت و سه‌يران و جۆش و خرۆشى نه‌ورۆز‌، نيشاندانى گيانى زيندووى ژياندۆستى و ئاشتيخوازيى كورد و كوردستانييانه‌. ئه‌و كه‌رنه‌ڤاڵه‌ ڕه‌نگينه‌ى له‌ناو سروشتى جوانى كوردستاندا ده‌يگێڕين، له‌ حه‌زێكى قووڵه‌وه‌ بۆ ژيان و ئارامى، بۆ كامه‌رانى و ئاسووده‌يى، بۆ پێكهاتنه‌وه‌ و ئاشته‌وايى هه‌ڵده‌قوڵێت. به‌شێكى گرنگ و به‌نرخى به‌هاكان و گيان و كولتوورى نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌.
    ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ستى برايه‌تى و پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى بۆ هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌كانى عێراق و وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و جيهان درێژ ده‌كه‌ين. هه‌مووان دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ وه‌ك هه‌ميشه‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى و پارێزه‌رى ڕێزله‌يه‌كگرتن و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌شمان ده‌بين.
    پيرۆزبايى له‌‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه‌ ده‌كه‌م كه جه‌ژنى نه‌ورۆز ده‌گێڕن. سڵاو و پێزانين بۆ پشتيوانيى وڵاتانى دۆست و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و ديپلۆماتكاران و ڕێكخراوه‌كانيان له‌ هه‌رێمى كوردستان‌. هيوادارم هه‌موويان نه‌ورۆزێكى خۆش به‌سه‌ربه‌رن.
    داوا له‌ هاووڵاتييانى ئازيز ده‌كه‌م له‌ گه‌شت و سه‌يراندا، ئاگادارى خۆيان بن. پاكوخاوێنيى ژينگه‌ و سروشتى جوانى كوردستان بپارێزن. پابه‌ندى ڕێنمايييه‌كانى هاتوچۆ بن. 
    ‌جه‌ژنى هه‌مووتان پيرۆز بێت، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى. 
    ساڵى سه‌ركه‌وتن و به‌ديهێنانى خه‌ونه‌كانتان بێت.