پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە

سیاسی
  • 16-03-2023, 09:08
  • +A -A

    هەولێرـINA

    مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبچە پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسینەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە وتێدا هاتووە:

    ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە، یادی شەهیدە ستەملێکراوەکانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەکەینەوە کە لە تاوانێکی هۆڤانەدا، بوونە قوربانی و هەمیشە لە دەروون و ویژدانی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتیدا، بە زیندوویی دەمێننەوە.
    لەم یادە خەمگینەدا، هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵ بۆ بە فەرمی پەسەندکردنی پارێزگای هەڵەبجە بەرز دەنرخێنین، کە چەندین ساڵە لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لە سەر دراوە. هەر لەم بۆنە دڵتەزێنەدا ، دووپاتی دەکەینەوە، کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ، لە ئاست بەرپرسیاریێتی ئەخلاقی خۆیدا بێت و هەروەک لە دەستووردا هاتووە، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کەس و کار و بنەماڵەی شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالکراوان و هەموو زیانلێکەوتووان و قوربانیانی دەستی ڕژێمی بەعس بکاتەوە و لە دوا سەردانی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش بۆ هەرێمی کوردستان، جەختمان لە گرنگیی جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیەی دەستوور کردەوە.
    ئەگەرچی 35 ساڵ بە سەر ئەم تاوانەدا تێدەپەڕێت ، بەڵام بە داخەوە ، هێشتاش زام و برینی کەس و کاری شەهیدان و بەرکەوتووانی هێرشی کیمیاوی هەڵەبجە ساڕێژ نەبووە و ئێش و ئازاری قوربانییانی تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق، کۆتایی نەهاتووە . بۆیە ئەرکی هەموو لایەکمانە ، بە تایبەتی حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ، کە هاوکار و یارمەتیدەرمان بن بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستەتری خەڵکی خۆڕاگر و قوربانیدەری هەڵەبجەی شاری شەهیدان و مەڵبەندی ڕووناکبیران و زانا و دانا و عارفە بەناوبانگەکانی کوردستان بکەین و ئاوەدانتری بکەینەوە.
    هەروەها جەخت لە سەر حوکمڕانییەکی پاک و بێگەرد دەکەینەوە کە دوور بێت لە دەست تێوەردانی کەسیی و حزبی و ڕێگری لە دام و دەزگاکانی فەرمی حکومەت نەکرێت، بۆ ئەوەی باشتر خزمەتی خەڵکی ستەملێکراوی هەڵەبجە بکرێت.

    سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان.