بەغداد - INA
وەزارەتی بازرگانی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێوشوێنەكانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بەرزبونەوەی نرخی خۆراك ئاشكراكرد و هاوكات ئەوەشی خستەڕوو: كە لەماوەی ئەمساڵدا 12 بەش دابەشدەكرێت.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراك لەوەزارەتی بازرگانی جاسم محەمەد عامری بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: وەزارەت چەندین ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ كۆنترۆڵكردنی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و كاریگەرییان لەسەر هاوڵاتیان، لەوانە سەبەتەی خۆراك و پشكی چاودێری كۆمەڵایەتی و هەروەها دەست پێكردنی بەشی تایبەت بۆ مانگی ڕەمەزان.
ئاماژەی بەوەشكرد: گرنگی پشتگیریكردنی كەرتی تایبەت لەلایەن دەوڵەتەوە و ئەم كەرتە ناتوانێت چالاك بێت بەبێ ئەوەی پشتیوانیی بكرێت، ئاماژەی بەوەشدا: كە ئەو ڕێوشوێنانەی وەزارەت بەشدارییان كردووە لە كەمكردنەوەی باری سەرشانی هاوڵاتیان و بەهێزكردنی متمانە بە حكومەت.
ڕونیشیكردەوە: سەبەتەی خۆراك شەكر و ڕۆن و دۆشاوی تەماتە و برنج و پاقلەمەنیەكان (نیسك و نۆك) و دەكرێت ئەو ماددانە زیاد بكرێت، لەكاتێكدا پشكی چاودێری كۆمەڵایەتی شیر و چا و ئاردی سفری تێدایە جگە لە شەكر و ڕۆن.
ئاشكراشیكرد: ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی كە خێزانەكان بەپشكی ڕەمەزان یارمەتی بدرێت كە نیو كیلۆ نیشاستە و 5 كیلۆ ئاردی سفر و تەبەقەی هێلكە و كیلۆیەك شەعرییە لەخۆدەگرێت و ئەم هەمەچەشنییەش تایبەتە بەخێزانی عێراقی.
سەبارەت بە دابەشكردنی ئەو بەشەش عامری وتی: بەشی چاودێری كۆمەڵایەتی 12 و بەلایەنی كەمەوە 10 بەش دەبێت بۆ سەبەتەی خۆراك.