نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەمەریكی كۆبووەوە

سیاسی
  • 15-03-2023, 17:48
  • +A -A

    هەولێر _INA

    نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە په‌راوێزی دیداری سلێمانی لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەمەریكی کوبووەوە.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕایگەیاند ،پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 15/3/2023 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە په‌راوێزی دیداری سلێمانی لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی تێری ووڵف یاریدەدەری تایبەتیی سەرۆکی ئه‌مه‌ریکا و بەڕێوەبەری باڵا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و شاندێكی یاوەری كۆبوووەوە.
    لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ كرد و دەربارەی پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و كێشەكانی نێوانیان، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.
    شاندی باڵای ئەمەریكا بەردەوامیی پشتگیری و هاوكاریی ئەمەریكای بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە. دەربارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش، شاندی ئەمەریكا یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان بە تایبەتی پارتی و یەكێتی به‌ پێویست زانی بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگاری و سەختییەكانی ئێستا لە عێراق و هەرێمی كوردستان.
    لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا هاوڕابوون كە چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها جه‌ختیان له‌ پشتگیریی بەڕێز محەمەد شیاع ئەلسوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و كارنامەی حكوومەتەكەی کرده‌وه‌.
    تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە بە گشتی و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبه‌ش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو