ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبونەوەیەكی ئەنجامداو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت لەبارەی دۆخی ئێستاو پێشهاتەكانەوە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.
سەبارەت بە دانوستانو دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتی:"هەركاتێك بەغدا ئامادەبێت، ئَێمە وەكو هەرێم ئامادەین بچینە بەغدا، كێشەكان پێویستیان بەدانوستانێكی جدی هەیە بۆئەوەی بگەینە لێكتێگەیشتنی هاوبەش، دەبێت بەغداش ئەو بڕیارە بدات".
سەبارەت بە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمو وادەی هەڵبژاردن، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: لەگەڵ یەكێتیو گۆڕانو سۆسیالیست كۆبوینەتەوەو لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی تریش بەردەوام دەبین لەگفتوگۆ، دوای ئەوەش بڕیاری خۆمان دەدەین سەبارەت بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانو پەرلەمانی كوردستان.
وتیشی:"پەرلەمان و حكومەتی ئێستا وادەیەكی هەیە بۆ دوو خولی تەشریعی، دوای ئەوەی لەگەڵ لایەنەكان دیدارمان ئەنجامدا، بڕیار لەسەر رۆژی هەڵبژاردن دەدەین".
راشیگەیاند: لەگەڵ لایەنەكان لەسەر كۆمەڵێك پرەنسیپ كۆدەنگین، پێشنیازی حكومەتی كاتی باسكراوە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان گفتوگۆ بكەین، ئەوە دەمێنێتەوە بۆئەوەی دانیشتنی بۆ بكەینو بابەتەكە هەڵسەنگاندنی تەواوی بۆ بكرێت.