كەركوك - INA
بەڕێوبەرایەتی ڕێگاوبان و پردەكانی پارێزگای كەركوك ئەمڕۆ هەینی، قەدەغەی هاتووچۆی بارهەڵگری گەورەی لەسەر پردی داقووقی نوێ ڕاگەیاند.
بەڕێوەبەری ڕێگاوبان و پردەكانی پارێزگاكە حەمزە بەیاتی لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند: ڕێگریكردن لە پەڕینەوەی بارهەڵگرە گەورەكان بۆ بەغدا بە پردی داقووقی نوێ بۆ پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیانە لە مەترسی ڕووخانی پردە كۆنەكەو زیانگەیاندن بە پردی نوێ بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەوە.
وتیشی: بەڕێوبەرایەتی ڕێگاوبان و پردەكان داوای لە شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كرد بە بارێكی زیاتر لە 10 تۆن ڕێگای كەركوك - تكریت بەرەو بەغدا بەكاربهێنن.
جەختیشیكردەوە: بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو بەهۆی بارانی زۆرەوە ڕەنگە ببێتە هۆی شكانی لەزەویدا بەهۆی باری قورسەوە كە ئەمەش پێویستی بە ڕێگریكردن لە تێپەڕبوونی ئەو ئۆتۆمبێلانە هەیە بۆ پاراستنی پردەكە.
ئاماژەی بەوەشدا: بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبان و پردەكان پێشتر ڕایگەیاندبوو، چاككردنەوەی پردی كۆن كە ساڵی ڕابردووش بەهۆی ئەو لافاوەی كە ناوچەكەی گرتووەتەوە زیانی بەركەوتووە، كە بەزووترین كات دەست بە كاركردن دەكرێت تیایدا.